رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە سزای 60 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر سەمیر عوسمان شێخ، بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی ناوەندیی دیمەشق (عەدرا)دا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی زیندانیان و ساختەکاری لە بەڵگەنامەکانی کۆچبەریدا.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دادی ئەمریکا، سەمیر عوسمان شێخ کە تەمەنی 74 ساڵە و لە ساڵی 2020ـەوە لە ئەمریکا دەژیا، لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008 بەڕێوەبەری زیندانی ناسراوی عەدرا بووە لە دیمەشق، کە تێیدا بەشێک دەستبەسەرکراوان رووبەڕووی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی دڕندانە بوونەتەوە.
لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، دەستەی دادوەران سەمیر عوسمانیان لە چەندین تۆمەتدا بە تاوانبار ناساند، لەوانە: پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی ئەشکەنجەدان، سێ دۆسیەی ئەشکەنجەدانی راستەوخۆ، ساختەکاری لە وەرگرتنی ڤیزە و ساختەکاری بۆ بەدەستهێنانی رەگەزنامەی ئەمریکی لە دوای شاردنەوەی مێژووی کارکردنی لە دەزگا ئەمنییەکانی رژێمی پێشووی سووریادا.
لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، سێ زیندانیی پێشووی بەندیخانەی عەدرا شایەتییان دا لەسەر ئەو ئەشکەنجە و ئازارانەی لەسەر دەستی سەمیر عوسمان رووبەڕوویان بووەتەوە، لەگەڵ گێڕانەوەی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر زیندانیانی دیکە ئەنجامدراون.
تایسن دوڤا، یاریدەدەری داواکاری گشتیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سزادانی ئەم تۆمەتبارە بەڵگەیە لەسەر ئازایەتی و بوێریی قوربانییەکان."
دوڤا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا نابێتە شوێنی حەوانەوەی تاوانباران و گوتیشی، "پەیامەکەمان زۆر روونە: ئەوانەی مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و دێنە ئەمریکا، لێرە پەناگەیەکی ئارام بەدەستناهێنن؛ ئێمە دەیاندۆزینەوە، دادگاییان دەکەین و بەهۆی تاوانە قێزەونەکانیانەوە سزایان دەدەین."
ئەم سزادانە لە کاتێکدایە کە بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 لە دەسەڵات لادرا، لە دوای رووخانی رژێمەکەش بە هەزاران هاووڵاتیی سووری روویان لە زیندانەکان کرد بە مەبەستی گەڕان بەدوای چارەنووسی کەسوکارە بێسەروشوێنبووەکانیاندا.


