رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە رایدەگەیێنێت، هێرش کراوەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هێزەکانیان لە سەر رێگەی نێودەوڵەتیی M4 لە نێوان قامشلۆ و حەسەکە.
بەپێی زانیارییەکانی، ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو کەسی نەناسراو کە لە سەر ماتۆڕسکیلێک بوون، تەقەیان لە مەفرەزەیەکی ئاسایشی پاراستنی دامەزراوەکان کردووە لە بەرامبەر زانکۆی قورتوبە، لە نزیک دووڕیانی عەمبارە لە قامشلۆ.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا، گەنجێکی 18 ساڵان بە ناوی (عەبدولعەزیز فەیسەڵ حەسەن) گیانی لەدەستدا و هاوکارێکی دیکەشی بریندار بووە.
هەردوو قوربانییەکە فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی جەزیرە بوون و لە ناو ئۆتۆمبێلی ئاسایشدا بوون تاوەکو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، بگەیێندرێنە شوێنی تانکەرە نەوتەکان.
لایەنە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە هێرشبەرەکان هەڵاتوون و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەیان و هۆکاری رووداوەکە دەستی پێکردووە.


