رووداو دیجیتاڵ
زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی سوپای سووریا لە بنکەیەکی سەربازی لە نزیک شاری حەلەب روویاندا و لانیکەم چوار کەس بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21-9-2026، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، تەقینەوەکان بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە بنکەیەکی سەربازی لە نزیک شارۆچکەی (عەیس) لە باشووری حەلەب روویانداوە و هۆکارەکەی نەزانراوە.
بریندارەکان بریتین لە هاووڵاتییەک بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی تەقینەوە، دوو کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون بەهۆی دووکەڵەوە و کەسێکی دیکەش لە کاتی هەڵاتن لە شوێنی رووداوەکە بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بووە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سووریا بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستەوە و سێ خێزانیان لە شوێنی تەقینەوەکە دوورخستەوە. تیمەکان بەهۆی بەردەوامیی تەقینەوەکان لە دۆخی ئامادەبایی بەرزدا بوون.
سەرچاوە ناوخۆییەکانی سووریا باسیان لەوە کرد کە بەردەوامیی تەقینەوەی تەقەمەنییەکان و بڵاوبوونەوەی پارچە ئاسنەکان بووەتە هۆی ئەوەی تیمەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە نەتوانن لە کاتی خۆیدا بگەنە شوێنی رووداوەکە.
هێزە ئەمنییەکان دەوروبەری شوێنەکەیان گەمارۆ دا و چاوەڕوانی هێوربوونەوەی دۆخەکەیان کرد تاوەکو لێکۆڵینەوە لە زیانەکان و هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە دەستپێبکات.
هەرچەندە هۆکاری تەقینەوەکە بە فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی یان رووداوێکی نەخوازراوەوە بووە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ تەقەمەنییەکاندا.
رۆژی هەینیش لە پارێزگای دێرەزوور تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی سەربازی بووە هۆی کوژرانی 11 سەرباز،هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەشدا، تەقینەوەیەکی دیکە لە کۆگایەکی چەک لە باکووری رۆژئاوای سووریا روویدا کە تێیدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا.


