رووداو دیجیتاڵ
تەرمی (ئەبو محەممەد ئێرانی)، سەرکردەی پێشووی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کە محەممەد جۆلانی ئەوکات و ئەحمەد شەرعی سەرۆکی ئێستای سووریا سەرۆکایەتیی دەکرد، لە ناو ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەفرتخاریم لە گوندەواری ئیدلب بە کوژراوی دۆزرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی دووشەممە، 28ی ئەیلوولی 2026، کەسێک وەک میوان لە ماڵی ئەبو محەممەد بووە و لە کاتی خواردنی نانی بەیانی، بە شێوەیەکی راستەوخۆ تەقەی لێکردووە و پاشان هەڵاتووە.
هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ گەمارۆی شوێنەکەیان داوە تاوەکو بەڵگەکان کۆبکەنەوە. هەرچەندە لە سەرەتادا وا دەردەکەوت ئەمە تیرۆرێکی سیاسی بێت دژی فەرماندە سەربازییەکان، بەڵام ئاماژە بەراییەکان باس لەوە دەکەن، رەنگە رووداوەکە پەیوەندیی بە کێشەی کەسی و خێزانییەوە هەبێت.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە ناوچەکە زنجیرەیەک هێرش و کردەی بەئامانجگرتنی بۆ ژمارەیەک لە سەرکردە و ئەندامانی پێشووی گرووپە ئیسلامییەکانی بەخۆوە بینیوە، دواتر چووبوونە ناو (دەستەی تەحریری شام)ـەوە.
سەرچاوەی خۆجێیی سووریا باس لەوە دەکەن، هەندێک لەم کردەوانە پەیوەندییان بە ناکۆکی و ململانێی کۆنەوە هەیە کە بۆ قۆناخەکانی پێش رووخانی بەشار ئەسەد و پێکهێنانی حکومەتی کاتیی سووریا دەگەڕێنەوە.
ئەبو محەممەد، یەکێک بوو لە سەرکردە سوننە تووندئاژۆکان و بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی، کوردە و لەنێو دەستەی تەحریری شام-دا، فەرماندەی چەکدارە بیانییەکان بووە. سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کردووە کە بکوژەکە کوڕە خەزوور (برای ژنەکەییەتی).
پێشتریش لە 18ی تەممووزی رابردوودا، چەکدارانی نەناسراو یەکێک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان لە سەر رێگەی خان شەیخوون و دەروازەی توبەیش لە باشووری گوندەواری ئیدلب کوشت.


