رووداو - دیجیتاڵ
لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللەی ژمارەیەک چەکدار بۆ سەر پاسێکی نەفەرهەڵگر لە شاری حومسی سووریا، لانیکەم حەوت کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا)، رووداوەکە شەوی چوارشەممە لەسەر پردی مەسیاف لە شاری حومس روویداوە، کاتێک ژمارەیەک چەکدار پەلاماری پاسێکیان داوە و بەو هۆیەوە تەرمی حەوت هاووڵاتیی سڤیل و چوار بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی شارەکە.
سەرچاوە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەی حومس رایانگەیاندووە کە برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان.
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی سووریا دەستیان بە لێکۆڵینەوەی چڕ و گەڕان کردووە بەدوای ئەنجامدەرانی هێرشەکەدا.
.jpg&w=3840&q=75)
