رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی خوێندنی باڵا و پەروەردەی حکومەتی سووریا دوو کۆبوونەوەیان بە جیا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمار ئەنجامدا، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی تێکەڵکردنی دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکە کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوون، لەگەڵ دامەزراوەکانی پەروەردەی دەوڵەت.
ئەمڕۆ هەینی، مەروان حەلەبی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە و تێیدا رێگەکانی تێکەڵکردنی زانکۆی قامشلۆ کە لە سەردەمی بەڕێوەبەریی خۆسەردا بە زانکۆی رۆژئاڤا ناسرابوو، (زانکۆی کۆبانێ) لە کۆبانێ و (زانکۆی شەرق) لە رەققە لەگەڵ دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای دەوڵەت و پرسی دانپێدانان بە بڕوانامەکانیانی تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، مەزڵووم عەبدی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، قۆناخەکانی تێکەڵکردنی ئەو زانکۆیانە، دانپێدانان بە بڕوانامەکان و هاوتاکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و ستافی وانەبێژی بەپێی پێوەرە نیشتمانییە پەسندکراوەکان باسیان لێوەکراوە.
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کرد: "جەختمان لە پاراستنی رێڕەوی ئەکادیمیی خوێندن و دەستەبەرکردنی بەردەوامیی خوێندن بۆ خوێندکارەکان تاوەکو دەرچوون کردەوە، لە پاڵ ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی دوو زانکۆی حکومی لە حەسەکە و رەققە."
دابینکردنی پرۆگرامی زمانی کوردی و مامۆستایان
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، محەممەد عەبدولڕەحمان، وەزیری پەروەردەی سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە و ئەو پرسانەیان تاوتوێ کرد کە پەیوەندییان بە خوێندن لە رۆژئاوای کوردستان بۆ قۆناخی پێش زانکۆ هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دابینکردنی پەرتووکی پرۆگرامی زمانی کوردی و مامۆستایانی ئەو بوارە، هاوشانی تەواوکردنی رێکارەکانی پەیوەست بە دۆسیەی تێکەڵکردن لە کەرتی پەروەردەدا کرا.
وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە وەزیری پەروەردە و فێرکردن بە ئامادەبوونی یوسف عەنان، یاریدەدەری وەزیر، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە: "بابەتی سەرەکیی دیدارەکە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 13ـی ساڵی 2026 و رێنماییە جێبەجێکارییەکانی بوو، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە دابینکردنی پەرتووکەکانی زمانی کوردی و مامۆستایانییەوە هەیە، لە پاڵ تەواوکردنی رێکارەکانی دۆسیەکانی تێکەڵکردن لە بواری پەروەردەدا."


