رووداو دیجیتاڵ
لە دیداری مێری لە هەولێر، لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی
"سووریا: لە لێکترازانەوە بۆ دەوڵەتێکی هاوبەش"، رۆژی دووشەممە، بەشداربووان
تیشکیان خستە سەر رەوشی نوێی سووریای دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد و پرسی
تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا، هاوکات
نیگەرانییەکان لەبارەی چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد و رۆڵی ژنان خرانە روو.
لە پانێڵەکەدا، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پێشووی پەیوەندییەکانی
دەرەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر؛ نەجیب غەزبان، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی
سووریا و پرۆفیسۆر ئەیمی هۆڵمز لە زانکۆی جۆرج واشنتن بەشدارییان کرد و عەممار
قەحف بەڕێوەبەری پانێڵەکە بوو.
ئیلهام
ئەحمەد: ناناوەندیبوون دابەشبوون نییە و پێویستمان بە ماددەی دەستوورییە
ئیلهام ئەحمەد لە دەستپێکی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە
کرد، دوای ساڵانێک لە جەنگ و خوێنڕشتن، تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا
بووەتە هۆی کرانەوەی شارەکان و سەقامگیری، بەڵام جەختی کردەوە پڕۆسەکە هێشتا لە
قۆناخی تاقیکردنەوەدایە و گوتی: "ئەوەی
روویدا شۆڕشێک بوو کە هێشتا لە قۆناخی پێگەیشتندایە و تەواوی سووریاش لە قۆناخی
بنیاتنانەوەدایە."
سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانی و ترسی دیمەشق لە فیدراڵی
یان ناناوەندیبوون، ئیلهام ئەحمەد روونیکردەوە کە بەستنەوەی ناناوەندیبوون بە
هەڵوەشانەوەی سووریا هەڵەیە: "کاتێک باس لە ناناوەندیبوون دەکرێت، وەک ئەوەیە
باس لە شەیتان بکرێت و وا وێنا دەکرێت کە سووریا پارچە دەبێت؛ بەڵام ناناوەندیبوون
هاوبەشییە و برایەتی بەهێز دەکات. گەڕانەوە بۆ ناوەندیبوونێکی تووند، سەرلەنوێ کێشە
و ململانێ دروست دەکاتەوە."
لەبارەی مافەکانی کورد و زمانی دایک، ئیلهام ئەحمەد
ئاماژەی بەوە کرد کە مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ دانپێدانان بە کورد گرنگە، بەڵام لە
رووی پراکتیکییەوە ناڕوونی هەیە و پێویستی بە گرەنتیی دەستوورییە. گوتیشی: "لە
کۆبوونەوەکانماندا رێککەوتووین زمانی کوردی سێ کاژێر لە هەفتەیەکدا و چوار وانەش
بە کوردی لە پڕۆگرامی خوێندندا بن، بەڵام داواکاریی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە مافی
خوێندن بە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە دەستووردا بچەسپێت. منداڵانی ئێمە 14
بۆ 15 ساڵە تەنیا بە کوردی خوێندوویانە و عەرەبی نازانن، بۆیە پێویستمان بە قۆناخی
راگوزەر هەیە."
هەروەها رەخنەی لە جێبەجێکردنی بەندەکانی
رێککەوتننامەکان گرت بەتایبەت لە دیمەشق و گوتی: "بڕیار بوو کورد بە ناوی
ناسنامەی خۆیانەوە لە وەزارەتەکان، باڵیۆزخانەکان و پەرلەمان نوێنەرایەتییان
هەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو نوێنەرایەتییە تەنیا لە ئاستی حەسەکە و کۆبانێ
جێبەجێ کراوە، نەک لە دامەزراوە باڵاکانی دیمەشقدا.
نەجیب غەزبان:
گەورەترین ئاڵنگاری، ئاوەدانکردنەوەی ئابوورییە
لە بەرامبەردا، نەجیب غەزبان، راوێژکاری وەزارەتی
دەرەوەی سووریا دەستخۆشی لە ئامادەبوونی ئیلهام ئەحمەد کرد و گوتی: "ساڵێک
لەمەوبەر لە دوو بەرەی تەواو دژبەیەکدا بووین، بەڵام ئەمڕۆ پێکەوە لە یەک بەرەداین
بۆ دۆزینەوەی چارەسەر."
غەزبان تیشکی خستە سەر هەنگاوە ئەمنییەکان و گوتی،
تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ "دەستکەوتێکی گەورە
بووە"، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە کێشەی سەرەکیی وڵات لەم کاتەدا ئابوورییە.
غەزبان دەڵێت: "سووریا 14 ساڵ لە جەنگدا بوو؛
70%ـی ژێرخانەکەی وێران بووە، نیوەی خەڵکەکەی ئاوارە بوون و هەژاری تەنگی بە وڵات هەڵچنیوە.
پێویستمان بە کارکردنە لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەتایبەت ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە
عەفرین نموونەیەکی درەوشاوەن و دەبێت پەرەی پێ بدرێت."
لەبارەی سیستمی بەڕێوەبەردنی وڵاتیش، غەزبان ئاماژەی
بەوە کرد کە مەرج نییە بژاردەکە لەنێوان ناوەندیبوونی تووند یان دابەشبووندا بێت،
بەڵکو سووریا پێویستی بە حکومەتێکی بەهێزی ناوەندی هەیە بۆ سیاسەتی دەرەوە و
بەرگری، لەگەڵ بەڕێوەبردنێکی خۆجێیی کاریگەر کە دەسەڵات بداتە پارێزگاکان.
ئەیمی
هۆڵمز: رێگری لە دووبارەبوونەوەی شەڕ بە بەشداریپێکردنی ژنان و زمانەکان دەبێت
دکتۆر ئەیمی هۆڵمز لە زانکۆی جۆرج واشنتن ئاماژەی بە
ئەزموونی وڵاتان دوای جەنگ کرد و گوتی، زۆربەی ململانێ نوێیەکان لە جیهاندا
سەرهەڵدانەوەی شەڕە کۆنەکانن بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشە بنەڕەتییەکان و سیستمە
ناوەندێتییە تووندەکان.
هۆڵمز سێ خاڵی سەرەکیی بۆ سەرکەوتنی قۆناخی داهاتووی
سووریا خستە روو:
بەشداریپێکردنی سیاسی و ناناوەندیبوون: مۆدێلی دیاریکردنی پارێزگار لە لایەن خەڵکەوە لە حەسەکە دەکرێت
ببێتە نموونە بۆ درەعا، حومس و حەلەب.
بەشداریپێکردنی ژنان لە ئابووریدا: ئاوەدانکردنەوەی سووریا پێویستی بە 216 ملیار دۆلارە و داهاتی نەوتی وڵاتەکە
بەشی ناکات. بەپێی راپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی، ئەگەر رێژەی کارکردنی ژنان
(کە ئێستا تەنیا 13%ـیە) هاوتای پیاوان بێت، داهاتی تاک لە سووریا بە رێژەی
74% بەرز دەبێتەوە.
خوێندن بە زمانی دایک: بەپێی ئامارەکانی یونسێف، خوێندن بە زمانەکانی کوردی و ئارامی لە پاڵ زمانی
عەرەبیدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وازهێنان لە خوێندن و بەرزبوونەوەی ئاستی
زانستیی قوتابیان.


