رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا تاوتوێی چوونە نێو هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە دەکات کە سعودیە، تورکیا و پاکستان لەخۆدەگرێ. وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێ، گفتوگۆکان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەندامبوونی وڵاتەکەی لەو هاوپەیمانییە بەردەوامن.
ئەمڕۆ شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفرانسی دیالۆگی مەنامە لە بەحرێن رایگەیاند، "ئێستا گفتوگۆ لەبارەی چوونە نێو هاوپەیمانیی مەککە دەکەن تاوەکو بزانن چۆن دەتوانن بەشداربن".
هاوپەیمانی بەرگریی مەککە چییە؟
لە 7ی ئابی 2026 لە شاری مەککە، لەنێوان سعودیە، پاکستان و تورکیا واژۆ کرا.
بنەمای سەرەکیی هاوپەیمانییەکە بە جۆرێکە کە هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە وەکو هێرش بۆ سەر هەرسێکیان هەژمار دەکرێت. هەرچەندە تاوەکو ئێستا پاکستان و تورکیا هیچ هێرشێکیان بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن نەکردووە، بەڵام سعودیە هەوڵ دەدات بەرەیەکی فراوان دژی ئەو هێرشانە دروست بکات.
پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ سعودیە
سعودیە کە رووبەڕووی هێرشی چڕی مووشەکیی حووسییەکان بووەتەوە، پاڵپشتیی وڵاتانی رۆژئاوای بەدەستهێناوە.
لە 21ی ئەم مانگە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا چووە ریاز و رایگەیاند، "فەرەنسا هێزی سەربازی بۆ پاراستنی وێستگەیەکی نەوتیی سعودیە ناردووە." هەروەها حکومەتی بەریتانیا لەم مانگەدا بڕیاری دا فڕۆکەی جەنگی رەوانەی سعودیە بکات تاوەکو لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکاندا هاوکاریی ئەو وڵاتە بکەن.
پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024 بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز بوون.
سعودیە ئێستا یەکێکە لە گەورەترین پشتیوانەکانی حکومەتی نوێی سووریا.
لەلایەکی دیکەوە سعودیە لە چەند مانگی رابردوودا رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی تووندی حووسییەکانی یەمەن بووەتەوە کە بووە هۆی داخرانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز بۆ ماوەی دوو هەفتە لەم مانگەدا.


