رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا جەختیان لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی تەواوەتیی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە کردەوە کە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان بە سوپای سووریا کراون، هاوکات پشتیوانیی خۆیان بۆ پرۆسەی سیاسی لە سووریا راگەیاند.
رۆژی چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت لە پاریس کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "پشتیوانیی بەهێزی خۆمان بۆ گواستنەوەیەکی سیاسیی ئاشتییانە و گشتگیر بەرەو سووریایەکی یەکگرتوو، خاوەن سەروەری و سەقامگیر دووپات دەکەینەوە، بە شێوەیەک کە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان بۆ هەموو گەلی سووریا دەستەبەر بکات."
رۆژی 29ی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ئەو کاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا رێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەریان بە دیمەشق واژۆ کرد.
وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی وڵاتانی حەوت ئاماژەیان بە گرنگیی بەردەوامیدان بە شەڕی دژ بە "تیرۆر و پاراستنی مەدەنییەکان لە باشووری سووریا کردەوە" و داوای پشتیوانیکردنی بووژانەوەی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەیان کرد.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت تیشکیان خستە سەر دۆخی ئێران و گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
کۆمەڵەکە ستایشی هەوڵی نێوەندگیرە هەرێمییەکانی کرد بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی دیپلۆماسی بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام جەختی کردەوە کە "نابێت بە هیچ جۆرێک رێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"؛ هاوکات هۆشداری دەدەن، کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی، وڵاتانی هاوپەیمان بەردەوام دەبن لە هاوئاهەنگییەکانیان بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئێران لە رووی ئابووری و سیاسییەوە تاوەکو رێگری لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و جیهان بکرێت.
وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەکە بە تووندی هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەئامانجگرتنی کەشتییە مەدەنییەکان و پەکخستنی ئاسایشی وزە و بازرگانیی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز سەرکۆنە کرد.
راگەیێندراوەکە رەتیکردەوە هیچ باج، تێچووی نایاسایی یان بەربەستێک لەبەردەم هاتووچۆی ئازادی دەریاوانی لە گەرووی هورمز دابنرێت و پشتیوانیی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پووچەڵکردنەوەی مینەکان، لەگەڵ دەستپێشخەرییە دەریاییە هاوبەشەکەی فەرەنسا و بەریتانیا دەربڕی.
کۆمەڵەی حەوت پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکان راگەیاند، داواشی لە تاران کرد بە زووترین کات هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەستپێبکاتەوە.
هەروەها وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەکە ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە تووندوتیژی لە دژی هاووڵاتییان و خاکی وڵاتانی رۆژئاوا بەکارهێناوە و پشتیوانییان لە راپۆرتەکەی بەریتانیا کرد سەبارەت بە تێوەگلانی ئێران لە رووداوە ئەمنییەکەی 27ـی ئەیلوولی بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد.
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر سووریا و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر تەلئەڤیڤ و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخستووە کە پێش جەنگ رۆژانە 20٪ی نەوتی جیهانی پێدا هەناردەدەکرا.
بە نێوەندگیری قەتەر هەوڵێک هەیە بۆ رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران و دانوستاندنەکانیش بەردەوامن، لە کاتێکدا ئەمریکا هێزی زیاتری بەرەو ناوچەکە جوڵاندووە.


