رووداو دیجیتاڵ
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای پارێزگای حەلەب لە سووریا، بڕیارە بڕی ئەو کارەبایەی لە تورکیاوە دەکڕدرێت بۆ 500 مێگاوات بەرز بکرێتەوە و ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێریی بێپچڕانە بۆ تەواوی شارەکە.
کۆمپانیای کارەبای سووریا و کۆمپانیای تایاشی تورکی، رێککەوتنێکیان بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 400 کیلۆڤۆڵتی واژۆ کردووە کە دەگاتە وێستگەی ترانسفۆرمەری F400ـی حەلەب.
ئامانج ئەوەیە بە بەرزکردنەوەی بڕی کارەبای کڕدراو لە تورکیاوە بۆ 500 مێگاوات، کێشەی کارەبای پارێزگای حەلەب تاوەکو رادەیەکی زۆر چارەسەر بکرێت. قۆناخی یەکەمی هێڵی گواستنەوەی 400 کیلۆڤۆڵتی تەواو بووە و پلانیش هەیە دوای تەواوبوونی کارەکان، کارەبا بۆ تەواوی شارەکە دابین بکرێت.
لەمبارەیەوە، رۆژی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، دەستیان بە هەناردەکردنی 500 مێگاوات کارەبای نوێ بۆ حەلەب کردووە و ئێستا بە گشتی 800 مێگاوات وزە دەدەنە سووریا.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار لە کاتی بەشداریکردنی لە "کۆبوونەوەکانی باب عالی" لە ئیستەنبووڵ، کە بە لووتکەی وزە ناسراوە، باسی لە دیدگەی وڵاتەکەی لە بواری وزە و کانزاکاندا کرد و رایگەیاند: "چ لە بواری کارەبا و چ لە بواری گازی سرووشتیدا، بە چڕی بەشداری لە ئاسایشی وزەی هەرێمیدا دەکەین."
سەبارەت بە کارئاسانی بۆ بەرهەمهێنان و بەکاربردنی وزە لە شوێنی خۆیدا، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، بۆ ئەو وزەیەی کە تواناکەی تاوەکو 1 مێگاواتە، بیر لە شێوازێکی وەک تەرخانکردنی ئۆتۆماتیکی دەکەنەوە.
وەزیری وزەی تورکیا تیشکی خستە سەر رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانی سووریا و ئەوەشی خستەڕوو کە راستەوخۆ دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد و دەستبەکاربوونی ئەحمەد شەرع، هاوکاریی سووریایان کردووە بۆ گواستنەوەی کارەبا و گوتی: "بە کۆی گشتی 800 مێگاوات کارەبامان هەناردە کردووە و 500 مێگاواتی بۆ حەلەبە."



