Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابگرە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

سووریا29-05-2026

یاریدەدەری وەزیری فریاکەوتنی سووریا بۆ رووداو: لافاو زیانی بە 2400 خێزان گەیاندووە

0:00
0:00
قەبارەی دەق
مالیک محەممەد

بڵاوکراوەتەوە لەلایەن

مالیک محەممەد

رۆژی بڵاوکردنەوە

29-05-2026

بابەتی پەیوەندیدار

لە دێرەزوور لافاو 4.5 هەزار هێکتار دەخڵودانی راماڵی و ئاو چووە دەیان ماڵەوە
سووریا28-05-2026

لە دێرەزوور لافاو 4.5 هەزار هێکتار دەخڵودانی راماڵی و ئاو چووە دەیان ماڵەوە

موشیر رەماح بۆ رووداو: جووڵەیەکی گەورەی بازرگانی لە دەروازەی رەبیعە دەستی پێکردووە
سووریا25-05-2026

موشیر رەماح بۆ رووداو: جووڵەیەکی گەورەی بازرگانی لە دەروازەی رەبیعە دەستی پێکردووە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا؛ کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەرەو کەمینە
سووریا25-05-2026

هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا؛ کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەرەو کەمینە

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری وەزیری کاروباری فریاگوزاری و کارەساتەکان لە سووریا، دوایین وردەکاریی زیانەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری فوراتی لە پارێزگاکانی دێرەزوور و رەققە بۆ رووداو ئاشکرا کرد. قزێز رایگەیاند کە بەهۆی لافاوەکەوە زیاتر لە دوو هەزار و 400 خێزان زیانی جۆراوجۆریان بەرکەوتووە و زیانی مادی زۆریش بە ژێرخانی ناوچەکە گەیشتووە.


ئەحمەد قزێز، یاریدەدەری وەزیری فریاکەوتنی سووریا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لافاوەکە کاریگەریی کردووەتە سەر خانوو، خێوەت و پڕۆژە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکانی ناوچەکە. سەبارەت بە کەرتی خزمەتگوزاریش باسی لەوە کرد کە 62 وێستگەی ئاو کاریگەرییان لەسەربوو و لەکارکەوتن، بەڵام تیمەکان توانیویانە 40 وێستگەیان چاک بکەنەوە.

ئەحمەد قزێز هۆکاری زۆریی زیانەکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە زۆربەی ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە، لە ساڵانی وشکەساڵیدا بە نایاسایی لە رێڕەوی رووباردا دروستکراون یان کشتوکاڵیان تێدا کراوە، ئەوەش وایکردووە لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکەدا بکەونە ژێر لافاو. 

سەبارەت بە زیانی گیانیش، قزێز پشتڕاستی کردەوە کە هیچ کەسێک بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەهۆی لافاوەکەوە گیانی لەدەست نەداوە، "بەڵام سێ منداڵ بەهۆی مەلەکردن لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکەدا خنکاون."

یاریدەدەری وەزیری فریاکەوتن رایگەیاند، بەنداوەکانی فورات، تشرین و تەبقە بە تەواوی سەلامەتن و هیچ مەترسییەکی تەقین یان داڕمانیان لەسەر نییە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخی ئاوەکە بەرەو جێگیربوون دەچێت و گوتیشی: "لە رێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی تورکیا هەیە بۆ رێکخستنی بڕی بەردانەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەترسییەکان."

لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی بارانبارینی نائاسایی و زیادبوونی رێژەی ئاوی هاتوو لە تورکیاوە، ئاستی ئاوی بەنداوی فورات گەیشتە لووتکە و ناچار پێنج دەروازەی ستراتیژیی بەنداوەکە کرانەوە. ئەم هەنگاوە ئاستی ئاوی رووبارەکەی بە بڕی دوو مەتر بەرزکردەوە و لافاوێکی بێپێشینەی لە پارێزگاکانی رەققە و دێرەزوور دروستکرد.

دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: زیانەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی فوراتەوە چی بوون؟ چ لە پارێزگای دێرەزوور و چ لە پارێزگای رەققە؟

ئەحمەد قزێز: بەڵێ، ئێمە ئێستا لە گەڕانەوەداین لە ناوچەکانی رۆژهەڵات بەرەو دیمەشق دوای ئەوەی سەردانی مەیدانیمان کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخەکە. دەتوانین بڵێین بەڵێ، زیان هەیە، ژمارەیەک خێزان زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی زیادبوونی ئاستی ئاو و بڕی ئەو ئاوەی بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی داپۆشیوە. بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە بەشێکی زۆر یان زۆربەی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە دەکەونە رێڕەوی رووبارەکە، هەروەها هەندێک لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان و پڕۆژە بازرگانی و گەشتیارییەکانیش لەوێ بوون. ساڵانی وشکەساڵی کە بەسەر سووریادا هات، وایکرد ئەم زەوییانە وشک بن و هیچ بەکارهێنانیان نەبێت، بۆیە یان کشتوکاڵیان تێدا کرا یان نۆژەن کرانەوە یان پڕۆژە و بیناسازییان تێدا کرا. هەربۆیە زۆربەی ئەم زیانانە لەنێو رێڕەوی رووبارەکەدا بوون. ئێمە پێشتر لە رێگەی راپۆرتە هۆشیارکردنەوەکان و بەرنامەکانمانەوە ئاگادارمان کردبوونەوە کە دەبێت 50 مەتر لە رێڕەوی رووبارەکە دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی زیان نەبێت. بە هەر حاڵ، زیان هەبووە؛ زیاتر لە دوو هەزار و 400 خێزان زیانیان بەرکەوتووە، هەندێک خانوو و پڕۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی و بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە. ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی وردی ئەو زیانانەین. ئەوەی خەمبارمان دەکات زیان گەیشتنە بە ژێرخانەکە، بۆ نموونە وێستگەکانی ئاو، وەزارەتی وزە ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە 62 وێستگە کاریگەرییان لەسەر بووە، 40 وێستگە گەڕاونەتەوە سەر کار و کار لەسەر 22 وێستگەکەی دیکە دەکرێ بۆ چاککردنەوەیان. هەروەها ژمارەیەک پڕۆژەی کشتوکاڵی وەستاون و لە رۆژانی داهاتوودا کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکرێ.

رووداو: چەند رێگە و پرد لەکارکەوتوون بەهۆی ئەم بەرزبوونەوەیەی ئاوەوە؟

ئەحمەد قزێز: لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە ناوچەکە بە گشتی لە ساڵانی شەڕی سووریادا زیانی زۆری بەرکەوتبوو. رژێمی ئەسەد بە مەبەست ژێرخانی ئەم ناوچەیەی تێکدا و بە تایبەت لە دێرەزوور پردە سەرەکییەکانی کردە ئامانج و رووخاندنی. بۆیە پردە سەرەکییەکان هەر پێش ئەم لافاوە رووخابوون. لەو ساڵانەدا و لەلایەن خەڵکەوە چەندین پردی گڵین دروستکرابوون کە پارێزگاکە و گوندەکانی بەیەکەوە دەبەستەوە. بەداخەوە، ئەم پردانە زیانی زۆریان بەرکەوتووە. ئەمڕۆ لە سەردانەکەماندا هەندێک لەو پردە سەرەکیانەمان پشکنین کە پێشتر رووخاون و پلان دانراوە بۆ نۆژەنکردنەوەیان. دەزانین کە پردی گڵین چارەسەری کورتخایەن بوو، ئێستا پلانێک هەیە بۆ بووژانەوەی پردەکان لە ناوچەی دێرەزوور بۆ ئەوەی ئەگەر ئاستی ئاو دووبارە بەرزبووەوە، تووشی ئەم کێشەیە نەبینەوە.

رووداو: چەند خێزان ناچاربوون شوێنەکانی خۆیان جێبهێڵن و کۆچبەر ببن؟

ئەحمەد قزێز: بەپێی ئامارەکان، دوو هەزار و 400 خێزان زیانی جۆراوجۆریان بەرکەوتووە، هەندێکیان خانووەکانیان، هەندێکیان خێوەتەکانیان یان شوێنە پیشەسازی و بازرگانییەکانیان. تاوەکو ئێستا ناوەندی حەوانەوەمان بەو واتا فەرمییە نەکردووەتەوە. هەندێک ناوەندمان ئامادە کردووە، بەڵام ئەم خێزانانە وەک رێکارێکی پارێزگاری گوێزراونەتەوە بۆ لای خزم و دۆستەکانیان لەو ناوچانەی لە مەترسیی لافاوەکە دوورن. وەک حکومەتی سووریا و وەزارەتەکان، بە تایبەت وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، ناوەندی حەوانەوەمان ئامادە کردووە و هەندێک خێزان سەردانی دەکەن بۆ وەرگرتنی پێداویستیی فریاگوزاری، بەڵام وەک گوتم زۆربەی دوو هەزار و 400 خێزانەکە چوونەتە ماڵی خزم و دۆستەکانیان.

رووداو: هەر لە سنووری کارگێڕی پارێزگای دێرەزوور ماونەتەوە؟

ئەحمەد قزێز: بەڵێ، لە سنووری پارێزگاکەن، چونکە زیانەکان لە رێڕەوی رووبارەکەدان و ناوچەی زۆر هەیە لە دێرەزوور کە سەلامەتە. دێرەزوور پارێزگایەکی گەورەیە.

رووداو:  هیچ زیانی گیانی هەبووە؟

ئەحمەد قزێز: سوپاس بۆ خودا تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی راستەوخۆمان تۆمار نەکردووە و پشتیوان بەخوا لە رۆژانی داهاتووشدا نابێت. زیانەکان تەنیا لە دارایی و موڵکدا بوون. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە دوو رۆژ پێش بیستمان سێ منداڵ گیانیان لەدەستداوە بەهۆی مەلەکردن لە کاتی ئەم لافاوەدا. ئەمە زۆر خەمبارمان دەکات و سەرەخۆشی لە خێزانەکانیان دەکەین، بەڵام ئەمە کاریگەرییەکی ناڕاستەوخۆیە، چونکە ئەو منداڵانە یان خێزانەکانیان پابەندی رێنماییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان نەبوون کە داوای کردبوو دووربکەونەوە لە مەلەکردن و بەکارهێنانی بەلەم و راوەماسی. کەواتە بە شێوەیەکی راستەوخۆ هیچ کەس بە لافاوەکە نەمردووە، بەڵام ئەو دوو هەزار و 400 خێزانە زیانیان بەرکەوتووە.

رووداو: مەترسی لەسەر بەنداوەکان هەیە؟ بەنداوەکانی سەر رووباری فورات، بەنداوەکانی تشرین یان تەبقە؟ مەترسیی تەقینی ئەم بەنداوانە هەیە؟

ئەحمەد قزێز: لە دوایین زانیارییەکاندا کە لە هاوڕێیانمان لە دامەزراوەی گشتیی بەنداوی فورات وەرمانگرتووە، دڵنیایی هەیە لەسەر بەهێزیی بەنداوەکان و ژێرخانەکانیان، بۆیە دەمانەوێ هەموو سووریاییەکان دڵنیا بکەینەوە کە بەنداوەکان سوپاس بۆ خودا سەلامەتن و لە دۆخێکی زۆر باشدان، هیچ مەترسییەک لەسەر بەنداوەکانی سەر رووباری فورات نییە. قەیرانەکە تەنیا بڵاوبوونەوەی ئاوە بۆ هەندێک ناوچەی نیشتەجێبوون لە دێرەزوور و رەققە کە لە رێڕەوی رووبارەکەدان.

رووداو: ئەی دۆخی ئاوەکە چۆنە؟ ئایا لەگەڵ لایەنی تورکیا کەوتوونەتە پەیوەندییەوە؟

ئەحمەد قزێز: بەڵێ، پەیوەندی لەگەڵ لایەنی تورکیا هەیە لەڕێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە. دەمەوێ لە رێگەی شاشەکەتانەوە مژدە بدەم کە دۆخەکە بەرەو دابەزین و جێگیربوون دەچێت، ئەویش لە رێگەی کەمکردنەوەی بڕی ئەو ئاوەی کە لە بەنداوەکانەوە بەردەدرێتەوە. لە رۆژانی داهاتوودا دەگەینە قۆناخی جێگیربوون. باوەڕناکەم ئاستی ئاوەکە زیاتر بەرزببێتەوە. کاردەکەین بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان، چونکە کشتوکاڵ لێرەدا شادەماری ئابوورییە. پشتیوان بەخوا قەیرانەکە کۆتایی دێت.

رووداو: پرسیاری کۆتاییم دکتۆر، بەگوێرەی پێشبینییەکان،چەند دۆنم زەوی کشتوکاڵی زیانی بەرکەوتووە؟

ئەحمەد قزێز: بەڕاستی تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی وردم لا نییە، چونکە کۆکردنەوەی ئامارەکان بەردەوامە. ئاوەکە هێشتا لە هەندێک زەویدایە و لە هەندێکی دیکە دەکشێتەوە. بەڵام رووبەرێکی باشە. حکومەتی سووریا کار دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەیان و ئامادەکردنیان بۆ وەرزەکانی داهاتووی کشتوکاڵ.

رووداو: هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان دەخوازین. زۆر سوپاس دکتۆر ئەحمەد قزێز، یاریدەدەری وەزیری کاروباری فریاکەوتن و بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە سووریا، کە لەگەڵمان بوویت.

ئەحمەد قزێز: زۆر سوپاس بۆ ئێوە و بۆ میواندارییەکەتان.