رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو دوای سێ ساڵ دوورکەوتنەوە، جارێکی دیکە وەکو سەرۆکی گشتیی جەهەپە گەڕایەوە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی و رایگەیاند، هاتووە بۆ ئەوەی "لێپرسینەوە" بکات و پارتەکەی لە "گەندەڵکاران" پاکبکاتەوە.
ئەمڕۆ، کەمال کڵچدارئۆغڵو بە بڕیارێکی دادگای پێداچوونەوە جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکایەتیی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی وەرگرتەوە. لە بەرامبەردا ئۆزگور ئۆزەل، کە پێشتر لەو پۆستەدا بوو، بەهۆی هەمان بڕیاری دادگاوە بە شێوەیەکی کاتی لە کارەکەی دوورخرایەوە.
"داوای لێبووردن دەکەم"
کڵچدارئۆغڵو لە کاتی گەیشتنی بۆ بارەگای سەرەکیی جەهەپە لەلایەن لایەنگرانیەوە بە گوڵ پێشوازیی لێکرا. ئەو لە یەکەم گوتاریدا دوای گەڕانەوەی، بە راشکاوی باسی لە کێشە ناوخۆییەکانی پارتەکەی کرد و گوتی: "من کاتی خۆی ئەو کەسانەی کە بەرتیلخۆر و دز بوون، دەستنیشان نەکردن، هەر لەبەر ئەوەش داوای لێبووردن دەکەم."
سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئاماژەی بەوەش کرد، قۆناخێکی نوێی "پاکسازی" لەناو پارتەکەیدا دەستپێدەکات و دەرگای جەهەپە تەنیا بۆ "ئەندامە پاکەکان" کراوە دەبێت.
جەهەپە لە نێوان دوو جەمسەردا
لە کاتێکدا کڵچدارئۆغڵو لەناو بارەگای سەرەکیدا بوو، ئۆزگور ئۆزەل لە پارکی "گوڤەن" لە ئەنقەرە بەرنامەیەکی جیاوازی بۆ لایەنگرانی رێکخست. ئەم دۆخە جەهەپەی کردووە بە دوو جەمسەرەوە کە وەکو دوو پارتی جیاواز لەناو یەک چوارچێوەدا رەفتار دەکەن.
بەرهان شیمشەک، یەکێک لە بەرپرسە پێشووەکانی جەهەپە، گوتی: ئێمە دەمانەوێت 86 ملیۆن کەس لەژێر چەتری ئاسماندا یەکبن.
زەینەل کزڵکایا، بەرپرسێکی دیکەی پارتەکە، بڕیارەکەی دادگای بە"کۆتاییهێنان بە نادادپەروەری" ناوزەد کرد.
"پارتی دابەش نابێت"
سەبارەت بە ئەگەری لێکترازانی پارتەکە، باریش یارکاداش، پەرلەمانتاری پێشووی جەهەپە، گەشبینی خۆی نیشان دا و رایگەیاند: "جەهەپە چنارێکی گەورەیە و لەژێر سێبەرەکەیدا شوێن بۆ هەمووان دەبێتەوە، بەو مەرجەی هەمووان بە رێز و تێگەیشتنەوە رەفتار بکەن."
هەنگاوەکانی داهاتوو
وەکو یەکەم بڕیاری کارگێڕی، کەمال کڵچدارئۆغڵو بڕیاری دا هەموو ئەو کۆبوونەوە و چالاکییانە رابگیرێن کە مۆڵەتی فەرمیی پارتەکەیان نییە. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجوومەنی پارتەکە کۆببێتەوە بۆ ئەوەی نەخشەڕێگەی نوێی جەهەپە بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری بکات.