رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی رێکارەکانی پاراستنی تەندروستیی گشتی و ژینگە، تورکیا بڕیاری دا بە قەدەخەکردنی کێشانی جگەرە لە 4 کەناراوە گەشتیارییە بەناوبانگەکەی شاری ئەنتاڵیا، بڕیارەکەش لە رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم بڕیارە کەناراوە بەناوبانگەکانی (لارا، بێلێک، چامیوڤا و بیچ پارک) لە ئەنتاڵیا دەگرێتەوە. بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندووە، ئەم هەنگاوە دوای لێکۆڵینەوە لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی وڵاتانی ئیسپانیا، فەرەنسا و بەلجیکا هاتووە و بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی تورکیا لە کەناراوەکاندا جێبەجێ دەکرێت.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت: "توتن هۆکاری ژمارە 1ی ئەو مردنانەیە کە دەکرێت رێگرییان لێ بکرێت، ساڵانە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن کە 1.6 ملیۆنیان تەنیا بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵی جگەرەی کەسانی دیکەوەیە."
بەپێی ئامارە پزیشکییەکان، جگەرە بەرپرسە لە 85%ی حاڵەتی مردن بەهۆی شێرپەنجەی سییەکان و هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسە. لە رووی ژینگەییشەوە، ساڵانە 600 ملیۆن دار بۆ بەرهەمهێنانی جگەرە دەبڕدرێنەوە و پاشماوەی فلتەری جگەرەکان وەک گەورەترین سەرچاوەی پیسبوونی ئاو و ژینگە لە جیهاندا دادەنرێن، بە جۆرێک هەر پاشماوەیەکی جگەرە توانای پیسکردنی 100 لیتر ئاوی هەیە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئیلکە بۆ راپرسی تەندروستی، تورکیا لە ریزبەندی دووەم دێ لەسەر ئاستی وڵاتانی رێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) و لە 5 وڵاتی یەکەمی جیهاندا، زۆرترین بەکارهێنانی رۆژانەی توتنیان تێدا تۆمارکراوە. نزیکەی 28%ـی رێژەی دانیشتووانی پێگەیشتووی (سەرووی تەمەن 15 ساڵ) ئەم وڵاتە رۆژانە بەرهەمەکانی توتن بەکاردەهێنن، هاوکات ساڵانە 7 ملیار پاکەتی جگەرە دەفرۆشرێن، مەزەندە دەکرێت کە قەبارەی بەکارهێنانی جگەرە لە تورکیادا (بە یاسایی و قاچاخەوە) رۆژانە بگاتە نزیکەی 19.5 ملیۆن پاکەت.



