رووداو دیجیتاڵ بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا پڕۆژەیاسایەک بۆ بەفەرمیکردنی جەژنی نەورۆز وەک پشووی فەرمی، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت. کارکردن لەسەر پڕۆژەیاساکە بۆکردنی 21ی ئادار بە پشووی فەرمی، لەسەر راسپاردەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئاکپارتی دەستیپێکردووە کە پار داوایکردبوو و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە. مانگی رابردوو، کورشاد زۆڕڵو، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی رایگەیاندبوو، رەشنووسی پڕۆژەیاساکە کە (ئاکپارتی بە موڵکی خۆی دەزانێت)، گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و پێشکێشی پەرلەمان دەکرێت. پەرلەمانی تورکیا لە مانگی تەممووزدا پشووی هاوینەی دەستپێدەکات، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەیاسای بەفەرمیکردنی نەورۆز وەک پشوو، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان لە مانگی تشرینی یەکەم لەسەر راسپاردەی فراکسیۆنی ئاکپارتی، بخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە. پشووە فەرمییەکان دەبنە 10 رۆژ لە تورکیا بەپێی یاسای جەژنە نیشتمانی و پشووە گشتییەکان، 9 پشووی فەرمی هەن. ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسند بکرێت، ژمارەی پشووە فەرمییەکان بۆ 10 زیاد دەکات و کۆی رۆژانی پشووش لە 15 رۆژ و نیوەوە بۆ 16 رۆژ و نیو بەرز دەبێتەوە. پێشبینی دەکرێت یەکەمجار لە 21ی ئاداری 2027، نەورۆز وەک پشووی فەرمی جێبەجێ بکرێت.