رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی تورکیا بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی بۆ کۆنگرەی گەورەی پارتی دایکی نیشتمان (ئەناپ) دەرکرد. بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە سەلمێندراوە واژۆی ساختە لە لیستی دەنگدەرانی کۆنگرەکەدا هەبووە، ئەوەش دووەم گورزی یاساییە لە ماوەی مانگێکدا لە پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە دەدرێت.
دادگای 47ـەمی بەرایی مەدەنیی ئەنقەرە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی کۆنگرەی گەورەی پارتی دایکی نیشتمانی (ANAP) دا کە لە 24ی کانوونی یەکەمی 2023دا بەڕێوەچوو بوو. دادگا رایگەیاندووە کە بوونی واژۆی ساختە لە لیستی دەنگدەراندا "راستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی گشتیی پارتەکە".
کێشە یاساییەکە کاتێک دەستیپێکرد کە سادات کاپیداغ، جێگری سەرۆکی گشتیی ئەناپ بۆ کاروباری هەڵبژاردن، داوایەکی یاسایی لە دژی کۆنگرەکە تۆمارکرد. کاپیداغ ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە جیاتی ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی دەنگدان واژۆی ساختە کراوە.
دوای لێکۆڵینەوەی ورد، دادگا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو دەنگە نادروستانە رۆڵیان هەبووە لە سەرکەوتنی ئیبراهیم چەلەبی وەک سەرۆکی گشتی، بۆیە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی بۆ کۆنگرەکە دەرکرد.
دوای ئەم بڕیارە، داواکارییەک ئاراستەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکرێت بۆ ئەوەی دەستەیەکی کاتی دیاری بکات. ئەرکی ئەم دەستەیە بەڕێوەبردنی کاروباری پارتەکە و ئامادەکاری دەبێت بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نوێ لە ماوەی 45 رۆژدا.
لە ئایاری 2026دا بڕیارێکی هاوشێوە لە دژی 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەرچوو کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە، ئەوەش شەرعییەتی سەرکردایەتیی ئێستای ئەو پارتەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
زاراوەی "پووچەڵکردنەوەی رەها" لە یاسای تورکیادا کاتێک بەکاردێت کە کارێکی یاسایی یان کۆنگرەیەک بەهۆی پێشێلکاریی بنەڕەتی وەک (ساختەکاری، گوشار یان بەرتیل) لە بنەڕەتەوە بە "نەبوو" هەژمار بکرێت.
پارتی دایکی نیشتمان (ANAP) ساڵی 1983 لەلایەن تورگوت ئۆزالەوە دامەزراوە، لە نێوان 1983-1991 بە تەنیا فەرمانڕەوای تورکیا بوو. لە هەڵبژاردنی 2002 نەیتوانی بەربەستی هەڵبژاردن ببڕێت. ساڵی 2009 لەگەڵ پارتی دیموکرات یەکیگرت، بەڵام لە 2011 دووبارە بە هەمان ناو دامەزرایەوە. ئیبراهیم چەلەبی، سەرۆکی ئێستای پارتەکەیە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
