رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەسەنی، مامۆستا و داهێنەری کورد، بە پڕۆژەی (پلاتفۆرمی پەروەردەی زمانی زیرەک) مەدالیای زێڕینی جیهانی لە (فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئەتا بەی) لە تورکیا بەدەستهێنا. حەسەنی لە لێدوانێکدا بۆ رووداو رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی ئەو خزمەتکردنی ناوچە دوورەدەستەکانی کوردستانە بۆ ئەوەی هیچ گەنجێک بەهۆی هەژاری یان نەبوونی مامۆستاوە لە فێربوون بێبەش نەبێت.
پلاتفۆرمەکە سیستمێکی گشتگیرە کە ژیریی دەستکرد وەک مامۆستایەکی تایبەت بەکاردەهێنێت. محەممەد حەسەنی دەڵێت، "ئامانجمان ئەوەیە منداڵی گوندێکی دوورەدەستی کوردستان، هەمان ئەو دەرفەتەی فێربوونی هەبێت کە قوتابییەکی گەورەترین شارەکانی جیهان هەیەتی."
ژیریی دەستکرد؛ مامۆستایەکی 24 کاژێری
محەممەد حەسەنی لەبارەی وردەکاریی پڕۆژەکەی روونی کردەوە، پلاتفۆرمەکە سوود لە تەکنەلۆژیای (AI Learning Genome) وەردەگرێت، خاڵە لاوازەکانی هەر فێرخوازێک دەناسێتەوە و نەخشەیەکی تایبەت بەو کەسە بۆ فێربوون دادەنێت، بەجۆرێک "هیچ دوو فێرخوازێک هەمان رێگەی فێربوونیان نابێت."

تایبەتمەندییەکی دیکەی پلاتفۆرمەکە (AI Teacher Clone)ـە، کە تێیدا مامۆستاکان دەتوانن دەنگ و شێوازی وانەگوتنەوەی خۆیان تۆمار بکەن و سیستمەکە وەشانێکی زیرەکی ئەو مامۆستایە دروست دەکات. بەمەش قوتابیان دەتوانن لە هەر کاتێکی شەو و رۆژدا بێت، گفتوگۆ لەگەڵ 'کۆپییە زیرەکەکەی' مامۆستاکەیان بکەن و پرسیاری لێ بکەن.

هاوشێوەی تاقیکردنەوەی ئایڵتس و تۆفڵ
ئەو داهێنەرە کوردە ئاماژە بەوەش دەکات، پلاتفۆرمەکە بەشی (AI Speaking Examiner)ـی تێدایە کە وەک تاقیکەرەوەی ئایڵتس و تۆفڵ کار دەکات؛ هەڵەکانی گرامەر و دەربڕین و رەوانیی قسەکردن دەستنیشان دەکات و نمرە بە قوتابی دەدات.
هەروەها بەشی (AI Roleplay) دەرفەت دەداتە فێرخواز کە لە ژینگەیەکی وەک فڕۆکەخانە، هۆتێل یان چاوپێکەوتنی کار، مەشقی قسەکردن بکات.
پشتگیریی 40 زمان و ناسنامەیەکی کولتووری بۆ کوردستان
پلاتفۆرمەکە پشتگیریی زیاتر لە 40 زمان دەکات، لەوانە (کوردی، ئینگلیزی، فارسی، عەرەبی، ئەڵمانی، چینی و چەندین زمانی دیکە). محەممەد حەسەنی دەڵێت، "ئەم تەکنەلۆژیایە جێگەی مامۆستا ناگرێتەوە، بەڵکو دەبێتە هاوکارێکی گەورە بۆیان."
پلاتفۆرمەکە دەرفەت بۆ مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی دەڕەخسێنێت کە لە رێگەی دروستکردنی نێوەڕۆک و وانەگوتنەوە، داهات بەدەستبهێنن.

محەممەد حەسەنی، کە ئێستا بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی زانا و داهێنەرانی تورکیا، ئاواتەخوازە ئەم پلاتفۆرمە ببێتە یەکەمین "ئیکۆسیستەمی جیهانی" و ئاماژە بەوە دەکات، "دەمانەوێت کولتووری جوانی کوردستان لە رێگەی ئەم پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەوە بە جیهان بناسێنین."




