رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) رایگەیاند، سیاسەتەکانی ئیسرائیل ئاسایشی تەواوی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە. دەشڵێت تورکیا سوورە لەسەر ستراتیژیی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و "تاوەکو هەموومان پارێزراو نەبین، هیچکاممان پارێزراو نین."
ئیبراهیم کاڵن، لە میانی گوتارێکدا لە پانێڵی "لوتکەی ناتۆی ئەنقەرە: هەواڵگری و خۆڕاگری" کە لەلایەن ئەکادیمیای هەواڵگریی نیشتمانییەوە رێکخرابوو، هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەریای رەش و داهاتووی ناتۆ کرد.
سەرۆکی میت رەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، ئەو پێشێلکاری، داگیرکاری و لکاندنی خاکەی لە غەززە دەستیپێکردووە، ئێستا بووەتە کێشەیەکی ئەمنی بۆ تەواوی ناوچەکە. کاڵن گوتیشی: "هەڵوێستی شەڕەنگێزانەی ئیسرائیل بەتایبەتی لە لوبنان، ئاسایشی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە مەترسییەوە."
پێگەی تورکیا لەناو ناتۆدا
ئیبراهیم کاڵن ئاماژەی بە مێژووی تورکیا لەناو ناتۆدا کرد و گوتی، لە ساڵی 1952ـەوە تورکیا رۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی ئاسایشی هاوپەیمانێتییەکەدا گێڕاوە.
سەرۆکی میت باسی لە سێ قۆناخی وەرچەرخان کرد؛ یەکەم، قۆناخی دوای شەڕی سارد. دووەم، قۆناخی دوای هەوڵی کودەتای 15ی تەممووزی 2016، کە تێیدا سەرەڕای هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی سوپا، بەڵام تورکیا توانی بەهێزتر لە جاران بەرپرسیارێتییەکانی لە باڵی باشووری ناتۆدا جێبەجێ بکات.
سەبارەت بە دۆخی سووریا، کاڵن باسی لەوە کرد کە هەنگاوەکانی تورکیا دژی "هەڕەشەکانی داعش و پەکەکە" رووبەڕووی رەخنە و سزای هەندێک لە هاوپەیمانەکانیان بووەتەوە، بەڵام ئێستا سووریا چووەتە قۆناخی "سەرلەنوێ بنیاتنانەوە".
کاڵن جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا سەبارەت بە "کوردی سووریا"، گونجاوترین و لۆژیکیترین نزیکبوونەوەی خستووەتەڕوو و جەختی لە گرنگیی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە.
سەرۆکی میت، لە بارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە، گوتی:" ئەمە تەنیا سیاسەتێکی ئەمنی نییە، بەڵکو دیدگایەکە بۆ داهاتوویەکی بەهێز و گەشەپێدانی ئابووری، کە پێگەی تورکیا لە ئاسایشی ناتۆدا چەسپاوتر دەکات."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، کاڵن جەختی لە چەمکی "خۆڕاگری" کردەوە و رایگەیاند، ئاسایش تەنیا بە چەک و توانای سەربازی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکان دەپێورێت. گوتارەکەشی بەم رستەیە کۆتایی پێهێنا: "تاوەکو هەموومان پارێزراو نەبین، هیچکاممان پارێزراو نین."



