رووداو دیجیتاڵ سەرۆککۆماری تورکیا، لە رێوڕەسمی رادەستکردنی کەشتیی گەڕۆکی دەریایی (Cam Roman) بە هێزە دەریاییەکانی رۆمانیا لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، یەکەمجارە تورکیا کەشتیی جەنگی بۆ وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ هەناردە دەکات. رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "کۆی بەهای پرۆژەکانمان دەگاتە 25 ملیار یۆرۆ. ئێمە ئێستا کەشتییەکانمان لانیکەم 80% دروستکراوی نێوخۆیین." ئەردۆغان راشیگەیاند، بە واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە لەگەڵ رۆمانیا، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی تورکیادا کەشتییەکی جەنگی هەناردەی وڵاتێکی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا دەکرێت. سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە گەشەکردنی قەبارەی هەناردەی سەربازی کرد و گوتی: "23 ساڵ لەمەوبەر هەناردەی ساڵانەمان تەنیا 248 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئێستا ئەم ژمارەیە تەنیا لە ماوەی 1 هەفتەدا بەدەستدەهێنین و لە هەناردەکردنی پیشەسازیی بەرگریدا لە پلەی 11یەمی جیهانین." تورکیا پێشتر تەنیا هاوردەکاری تەکنەلۆژیای دەریایی بوو، بەڵام لە رێگەی (پرۆژەی نیشتمانیی کەشتیی جەنگی) کە لە ساڵانی رابردوودا دەستیپێکرد، توانی نەک تەنیا پێویستیی ناوخۆیی دابین بکات، بەڵکو وەک هێزێکی هەناردەکار لەسەر ئاستی ناتۆ و جیهاندا دەربکەوێت . حکومەتی تورکیا لە دوای ساڵی 2000ەوە ستراتیژییەتی خۆبژێوی لە پیشەسازیی بەرگریدا پەیڕەو کردووە، چونکە پێشتر بەهۆی گەمارۆ ڕانەگەیێندراوەکانی هەندێک لە وڵاتانی رۆژئاواوە لە کڕینی چەک و سسیتەمە سەربازییەکاندا رووبەڕووی کێشە دەبووەوە.
تورکیا19-06-2026کڵچدارئۆغڵو لەبارەی پشتگیرکردن لە هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر سەڵاحەدین دەمیرتاش: پەشیمان نیم