رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی دەڵێت، تەنیا دوو هەفتە لەبەردەم حکومەت و پەرلەمان ماوە بۆ ئەوەی رەشنووسی (یاسای چوارچێوە) بگەیێننە لیژنەکان، ئەگینا دەرفەتی یاساییبوونی ئەم پڕۆژەیە لە مانگی تەممووزدا لەدەست دەچێت.
تەمەللی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر ئەو چاوەڕوانییە درێژخایەنەی بۆ گۆڕانکاریی یاسایی هەیە کە ماوەیەکی زۆرە باسی لێوە دەکرێت و رایگەیاند: "هیوادارم بە زووترین کات رەشنووسێک کە وەڵامدەرەوەی هەموو داواکارییەکان بێت بۆ رای گشتی بخرێتە روو و، دواتریش پڕۆسەی یاساییبوونی بە خێرایی جێبەجێ بکرێت."
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی تیشکی خستەسەر خشتەی کاتیی پڕۆژەکە و گوتی: "ئەگەر هەموو شتێک وەک ئەوەی دەگوترێت بڕوات، ئەگەری ئەوە هەیە لە هەفتەی سێیەمی مانگی تەممووزدا یاساکە لە پەرلەمان پەسند بکرێت، بەڵام ئەمە مەرجدارە بەوەی کە رەشنووسەکە لە هەفتەی داهاتوو یان هەفتەی دوای ئەوە بگاتە پەرلەمان."
تەمەللی روونی کردەوە کە پەرلەمانی تورکیا بەهۆی کۆبوونەوەکانی ناتۆوە دەچێتە پشووەوە، بۆیە دەبێت پێش ئەو پشووە رەشنووسەکە بگاتە لێژنەی پەیوەندیدار. گوتیشی: "ئەگەر لەم یەک دوو هەفتەیەدا هەنگاوی کردەیی نەنرێت، ئەوا دەرفەتی یاساییبوون لە مانگی تەممووزدا نامێنێت و ئەمەش وڵات بەرەو قەیرانێکی سیاسیی نوێ دەبات."
لەبارەی ئامادەکردنی رەشنووسەکە، تەمەللی نیگەرانیی خۆی نیشان دا و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا ناڕوونییەک لەسەر نێوەڕۆکی کارەکان هەیە: "حکومەت و وەزارەتی داد دەڵێن کار لەسەر رەشنووسێک دەکەن، بەڵام نازانین ئایا ئەمە تەنیا کارێکی سەرەتاییە یان بووەتە پێشنیازەیاسای کۆتایی؟ ئێمە دوودڵین، چونکە هیچ دەقێکی روون پێشکێشی ئێمە و بەڕێز ئۆجەلان نەکراوە."
سەزایی تەمەللی باسی لەوە کرد، ئەم یاسایە تەنیا رێکخستنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان ناوی بردووە "یاسای بنەڕەتی"یە. گرنگیی ئەم یاسایە لەوەدایە دەبێتە یەکەم هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد لە تورکیا و چوار پارچەی کوردستان و "دەبێت یاسایەکی گشتگیر بێت".
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە قسەکانیدا بۆ رووداو، 3 بنەمای سەرەکی بۆ ئەم یاسایە دیاریکرد:
1. دیموکراسیبوونی زەمینەی دانوستاندن: تەمەللی دەڵێت "ئەگەر هەمووان قبووڵیانە کە بەڕێز ئۆجەلان سەرۆک دانوستاندنکارە، دەبێت مافە یاساییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی دانوستاندن لە زەمینەیەکی گونجاودا دابین بکرێت."
2. بەشداریی دامەزراوەیی: پڕۆسەکە تەنیا لە پەرلەماندا نەمێنێتەوە و کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە جیاوازەکانی سیاسەتی کوردیش رۆڵیان هەبێت.
3. گشتگیربوون: یاساکە دەبێت هەموو لایەک بگرێتەوە و مافە دیموکراسییەکان بۆ هەمووان دەستەبەر بکات.
سەزایی تەمەللی جەختی کردەوە کە پڕۆسەی چارەسەری و پرسی کورد تەنیا لە چەکدانان کورت ناکرێتەوە و دەبێت هەر رێکخستنێکی یاسایی لە ژێر ناوی "یاسای چوارچێوە"، بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەتایبەت عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە ئامادە بکرێت. ئەو گوتی: "ئێمە سیاسەتی کاتکوشتن و ئۆباڵخستنە ئەستۆی یەکتر قبووڵ ناکەین. هەر هەنگاوێک بەبێ راوێژ، هەنگاوێکی ناتەندروست دەبێت و هەمووان دەخاتە دۆخێکی سەختەوە."
پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام دەمپارتی و پەکەکە دەڵێن پڕۆسەکە خاوە و پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و کاریگەرترە تاوەکو بگاتە لووتکەی ئەنجامەکان.


