رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، لە کۆتایی 33یەمین کۆبوونەوەی راوێژ و هەڵسەنگاندنی ئاکپارتی لە ناوچەی ساپانجای پارێزگای ساکاریا، پەیامێکی ئاراستەی حیزبەکەی کرد. رایگەیاند، "ئەگەر کەسێک ماندووە، با بفەرمووێت بکشێتەوە، پشوو بدات و گۆڕەپانەکە چۆڵ بکات. یەک چرکەشمان نییە بۆ بەفیڕۆدان. هەرگیز شەقام و کۆڵانەکان چۆڵ ناکەین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە سەرەتای گوتارەکەیدا سوپاسی بەشداربووان، هێزە ئەمنییەکان، رۆژنامەڤانان و خەڵکی ساپانجای کرد و بەبیری هێنایەوە کە ئاکپارتی لە 14ی ئابی 2001 دامەزراوە و حیزبەکەیان قۆناخێکی نوێی لە سیاسەتی تورکیادا دەستپێکردووە و کولتووری راوێژی خستووەتە چەقی سیاسەتەوە.
ئەردۆغان، باسی لەوە کرد، بنەمای سەرکەوتنی چارەکە سەدەی ئاکپارتی، پەیوەندیی بەهێزی نێوان حیزبەکەی و گەل و تێگەیشتنی هزری هاوبەشە و گوتی، "دەرگامان بۆ هەموو جۆرە پێشنیاز و رەخنەیەکی بنیاتنەر کراوە بووە. پێش ئەوەی گەل لێمان بپرسێتەوە، پرەنسیپی 'پرسینەوە لەخۆمان' پەیڕەو کردووە. ئەزموونی مووی سپیمان لەگەڵ دینامیکیی گەنجەکانمان لە یەک بۆتەدا تواوەتەوە. هەموو رەنگەکانی تورکیامان لەژێر چەتری حیزبەکەماندا کۆکردووەتەوە. ماوەی 25 ساڵە سازشمان لەسەر ئەم پرەنسیپانەمان نەکردووە."
سەرۆکی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکانی راوێژکاریی ئێستا لە تورکیا و جیهاندا بوونەتە براند و لە ماوەی کەمپەکەدا زۆر بابەت لە ئاسایشەوە تاوەکو ئابووری و لە گەشەپێدانەوە تاوەکو سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان هەڵسەنگێندراون. پێشنیاز و رەخنەکانی مەیدانی، یەک بە یەک تۆمارکراون.
ئەردۆغان، باسی لەو قۆناخە سەختانە کرد کە ئاکپارتی لە رێگەی گەیشتن بە دەسەڵات رووبەڕووی بووەتەوە و گوتی، "باجێکی زۆر قورسمان دا. رووبەڕووی بەربەستی زۆر گەورە بووینەوە. بەڵام هەموو جارێک بە تێپەڕاندنی بەربەستەکان یەک بە یەک و رووخاندنی کۆسپەکان گەیشتینە ئەمڕۆ."
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، ئەردۆغان باسی لەوە کرد، تورکیا نەک تەنیا لە سنوورەکانی خۆیدا، بەڵکو لە ناوچە جیاوازەکانی جیهانیشدا پاڵپشتیی گەلانی ستەملێکراوی کردووە.
باسی لەوە کرد، ئاکپارتی نەک تەنیا بۆ هاووڵاتییانی تورکیا، بەڵکو لە رووی جوگرافیای دڵیشەوە بەرپرسیارێتییەکی گرنگی هەیە و گوتی، "ئێوە تەنیا هیوا و ئومێدی غەززەن. ئێوە هیوا و ئومێدی شامن کە لەسەر پێی خۆی دەوەستێتەوە. ئێوە هیوا و ئومێدی حەلەبن کە لە خۆڵەمێشی خۆیەوە سەرلەنوێ لەدایک دەبێتەوە. هەرکەسێک بە حەزە کەسییەکانی خۆی بدۆڕێت، بەرپرسیارێتیی ئەمە نەک تەنیا بەرامبەر بە گەلەکەمان، بەڵکو بەرامبەر بە جوگرافیای براکانمان دەبێت."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، ئەردۆغان رووی دەمی کردە رێکخستنی حیزبەکەی و جەختی لەوە کردەوە کە بەرگەی کات بەفیڕۆدان ناگرن و ئەم بانگەوازەی کرد: "ئەگەر کەسێک ماندووە، با بفەرمووێت بکشێتەوە و پشوو بدات، مەیدانەکەش چۆڵ بدات. یەک چرکەشمان نییە بۆ بەفیڕۆدان. هەرگیز شەقام و کۆڵانەکان چۆڵ ناکەین."

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
