رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی یەکێتیی ئەورووپا لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا وەک ئامانجێکی ستراتیجی دەمێنێتەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەکەی یەکێتیی ئەورووپا بڵاوکردەوە.
فیدان خۆشحاڵیی خۆی بە پێشوازیکردن لە کایا کالاس، مارتا کۆس و ماگنوس برۆنەر لە تورکیا نیشاندا و رایگەیاند، سەرجەم تەوەرەکانی پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا، لە سیاسەتی دەرەوە و گەیاندنەوە تاوەکو بازرگانی، کۆچ و پرسی ڤیزە تاوتوێ کران؛ هەروەها پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکان بە تایبەت دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی رووسیا و ئۆکراینا هەڵسەنگێندران.
هاکان فیدان جەختی لە دوایین تێڕوانینی تورکیا بۆ ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەورووپا کردەوە و گوتی، "وەک چۆن بەڕێز سەرۆککۆمارمان ئاماژەی پێکردووە، ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ وڵاتەکەمان وەک ئامانجێکی ستراتیجی دەمێنێتەوە. ئێمە ئامادەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە پەرەپێبدەین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوانن یەکێتیی ئەورووپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای (پێوەرە بابەتییەکان و شایستەیی) بەرەو پێش ببات.
پڕۆسەی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا لە دوو قۆناخ پێکدێ:
31ی تەممووزی 1959: تورکیا داواکاریی بۆ بوونە هاوبەش پێشکێش بە کۆمەڵەی ئابووریی ئەورووپا کرد. ئەمە یەکەم هەنگاوی فەرمیی تورکیا بوو لە پڕۆسەی یەکگرتنی ئەورووپادا.
14ی نیسانی 1987: تورکیا بە فەرمی داوای ئەندامێتیی تەواوی پێشکێش کرد. ئەم رێککەوتە وەک دەستپێکی ئەو داواکارییەی ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەورووپا هەژمار دەکرێ کە ئێستا باسی لێوە دەکرێت.
بەرپرسانی باڵای تورکیا چەندین جار رەخنەی تووندیان ئاراستەی یەکێتییەکە کردووە.
توركیا لە ساڵی 1987 داوای ئەندامێتی پێشكێش بە ئەوروپییەكان كردووە. لە ساڵی 1999ـوە توركیا بە فەرمی وەك بەربژێری ئەندامێتی لە یەكێتیی ئەورووپا ناسراوە.
ساڵی 2016، گفتوگۆکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا وەستان. یەکێتیییەکە تورکیای بە "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کەمبوونەوەی سەروەریی یاسا لە وڵاتەکە" تۆمەتبارکرد و بەفەرمی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەنقەرە بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتییەکە هەڵپەسارد.



.jpg&w=3840&q=75)