رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەریەک لە سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئەمریکا ویستێکی جیدییان بۆ کۆتاییهێنان بە سزاکانی 'کاتسا' هەیە. دەشڵێت، ئیسرائیل بووەتە "بار بەسەر ویژدانی مرۆڤایەتییەوە" و وەک "وڵاتێکی هار" رەفتار دەکات.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنی دا لەگەڵ (CNN Turk) باسی لە دۆسیە گەرمەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن کرد و رایگەیاند: "پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە هەندێک بابەتی دیاریکراودا باش بن، کاریگەری ئەرێنی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت."
سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریکا لە رێگەی سزاكانەوە (کاتسا)، فیدان رایگەیاند، هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ ئیرادەیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلوولی رابردوو لە واشنتن، هەردوو سەرکردە ئیرادەی خۆیان بۆ هەڵگرتنی سزاکانی کاتسا دەربڕی و ئێمەی وەزیرانیشیان راسپارد بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. ئێستا من و وەزیری بەرگری لە هەوڵێکی چڕداین."
سەبارەت بە فڕۆکەی F-35، وەزیری دەرەوەی تورکیا روونیکردەوە کە پرسی کڕینی فڕۆکەکان و گەڕانەوە بۆ ناو پرۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆکەکە دوو بابەتی لێک جیاوازن و بڕیارە لە لووتکەی داهاتووی ناتۆ لە ئەنقەرە، ئەردۆغان و ترەمپ بە تێروتەسەلی باسی لێوەبکەن.
هاکان فیدان هێرشی تووندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئیسرائیل و رایگەیاند، تێڕوانینی جیهان گۆڕاوە. فیدان گوتی: "ئیسرائیل بەهۆی کۆمەڵکوژیی جووەکانەوە وەک بارێک لەسەر ویژدانی ئەورووپا بوو و تاوەکو کۆتاییش ئەمەی قۆستەوە، بەڵام ئێستا ئەو لێبووردەییە بێسنوورە نەماوە."
فیدان ئیسرائیلی بە "تێکدەری سیستم" وەسفکرد و گوتی: "ئەوانەی ئێستا ئیسرائیل بەڕێوەدەبەن وەک چەتەیەکی هار وان و بوونەتە بارێک کە مرۆڤایەتی چیدی ناتوانێت هەڵیبگرێت."
سەبارەت بە لووتکەی ناتۆ کە بڕیارە 7 و 8ـی تەممووزی داهاتوو لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت، فیدان رایگەیاند، بەشداریی ترەمپ لەم لووتکەیەدا بایەخێکی گەورەی هەیە و گوتی: "ئەمە دەبێتە گەورەترین لووتکەی مێژووی ناتۆ و تێیدا 'ناتۆی 3.0' پێناسە و قبووڵ دەکرێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد کە لە پرسی نوێکردنەوەی یەکێتیی گومرگی لەگەڵ ئەورووپا، هەڵوێستی قوبرسی یۆنانی وەک رێگر ماوەتەوە. سەبارەت بە رووسیاش، فیدان جەختی لەوە کردەوە کە هێزی تورکیا لەوەدایە دەتوانێت لەگەڵ هەموو لایەک قسە بکات و گفتوگۆ وەک ئامرازێکی سەرەکی دەبینێت.
فیدان هۆشداریی دا کە مەترسیی رێکخراوی 'فەتحوڵڵا گولەن' هێشتا بەردەوامە و گوتی، "ئەو دەستەیەی دوای مردنی فەتحوڵڵا گولەن شوێنیان گرتووەتەوە، هێشتا دەستبەرداری ئامانجە تێکدەرەکانیان بەرامبەر تورکیا نەبوون، بۆیە پێویستە دەوڵەت بە وردی چاودێرییان بکات."



