رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و مەترسیی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان دا، لە پارێزگاکانی ئاماسیا، ئاکسارای و تۆکات-ی تورکیا، چوون بۆ نێو دارستانەکان بە شێوەیەکی کاتی قەدەخە کرا. پارێزگاکان رێکاری دیکەشیان بۆ چالاکییەکانی وەک گەشت، کەمپکردن، سووتاندنی پاشماوەی کشتوکاڵی و هەر چالاکییەکی دیکە کە رەنگە ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە، راگەیاند.
رێکارەکانی خۆپارێزی لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە سەرانسەری تورکیادا بەردەوامن. دوایین بڕیاریش لەلایەن پارێزگاکانی ئاماسیا، ئاکسارای و تۆکاتەوە دەرکران و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و مەترسیی ئاگرکەوتنەوە، تاوەکو کاتێکی دیاریکراو چوونە نێو دارستانەکانی ئەو سێ پارێزگایە قەدەخە کرا.
پارێزگای ئاماسیا رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، چوون بۆ سەرجەم دارستانەکانی سنووری پارێزگاکە تاوەکو 31ی تشرینی یەکەمی 2026 قەدەخە کراوە.
بەپێی بڕیارەکە، جگە لە شوێنە گەشتیارییە دیاریکراوەکان، پشوودان، کەمپکردن، گەشتکردن و داگیرساندنی ئاگری خەڵووز و سەماوەر لە دەوروبەری دارستانەکان و لەسەر رێگەکانی نێو دارستانەکان قەدەخەیە. هەروەها لە سەرانسەری پارێزگاکەدا رێگە بە سووتاندنی پاشماوەی کشتوکاڵی و باخەکان نادرێت.
پارێزگای ئاکسارایش رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پلەی گەرما لە سەرووی ئاستی ئاسایی خۆیەوەیە، مەترسیی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا زیادی کردووە. بۆیە چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوە لە دارستانەکانی شارەکە تاوەکو 15ی تشرینی یەکەمی 2026 قەدەخە کراوە.
پارێزگای تۆکاتیش رایگەیاند، جگە لە شوێنە گەشتیارییە تۆمارکراوەکان، پارکە دارستانییەکان و پارکە نیشتمانییەکان، چوونەژوورەوە بۆ سەرجەم دارستانەکانی دیکەی سنووری پارێزگاکە لەنێوان 1ی تەممووز تاوەکو 30ی تشرینی یەکەمی 2026 قەدەخەیە.
لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکاندا، لەگەڵ دەستپێکی وەرزی هاویندا، لە چەندین پارێزگای دیکەشدا رێکاری هاوشێوە گیراونەتەبەر. بەپێی بڕیارەکان، چوون بۆ دارستانەکان لە ئیستەنبوڵ، موغڵا، مانیسا، ئایدن، مەرسین، بورسا، ئەدیرنە، هاتای، سامسوون، کیلیس و نیدە قەدەخە کراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، زیاتر لە نیوەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لە ساڵی 2025دا لە دارستانەکانی وڵاتەکەدا تۆمارکراون بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بوون، کە لە ئەنجامدا سووتانی زیاتر لە 40,000 هێکتار زەوی لە کۆی زیانی 81,473 هێکتاری سووتاو، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بووە.
ئامارەکانی وەزارەتەکە نیشانی دەدەن کە لە ساڵی 2025دا، تورکیا رووبەڕووی 3 هەزار و 224 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا بووەتەوە. لەو ژمارەیەش، 1753 رووداوی ئاگرکەوتنەوە راستەوخۆ بەهۆی کەمتەرخەمی بووە، ئەمەش وایکردووە کەمتەرخەمی ببێتە هۆکاری یەکەمی سوتانی دارستانەکان لەسەر ئاستی سەرانسەری وڵاتدا.
لە داتاکانی وەزارەتەکەدا هاتووە لە ساڵی 2025دا:
• 160 رووداوی ئاگرکەوتنەوە بە ئەنقەست بووە (3,546 هێکتار سووتاوە)،
• 279 رووداو بەهۆکاری سروشتی وەک برووسکە بووە (269 هێکتار سووتاوە)،
• 1,032 ئاگرکەوتنەوەش هۆکارەکەیان بە نەزانراوی ماوەتەوە (37,626 هێکتار سووتاوە).
شارەزایانی ژینگە هۆشداری تووند دەدەن کە گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دابەزینی رێژەی شێ، مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر زیاتر دەکەن.
بەپێی ئامارەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزارییەکانی تورکیا بەرزترین رێژەی ئاگرکەوتنەوە لە مێژووی 37 ساڵی رابردووی وڵاتەکەدا لە ساڵی 2024دا تۆمارکراوە کە زیاتر لە 3,797 ئاگر بووە.



