رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازیی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد. قوباد تاڵەبانی دەڵێ، مژارێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بووە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 3ی تەممووزی 2026 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا نووسیویەتی، "لە سەردانێکدا بۆ تورکیا بە ئامادەبوونی برای بەڕێزم دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ بەڕێز هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووینەوە. ئامادەیی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان بۆ هەموو جۆرە پشتیوانییەک بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی دەربڕی و هیوامان خواست ئەم قۆناخە نوێیە ببێتە مایەی زیاتر پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی پارێزگای سلێمانی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و خوێندنی باڵا و گەشتوگوزاردا."
سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پرۆسەیەکی گرنگ و مێژووییە و بە متمانە و ئومێدێکی زۆرەوە لێی دەڕوانین و خۆشحاڵم کە حکومەتی تورکیا و لایەنەکانی ئەو وڵاتە سوورن لەسەر سەرخستنی پرۆسەکە."
جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێ، "لەگەڵ هاکان فیدان باسمان لە دۆخی ناوچەکە کرد و جەختمان لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان کردەوە کە نەک نابینە بەشێک لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان، بەڵکو بە هەموو تواناوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان کاردەکەین بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە."
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "روونمان کردەوە پێویستە لایەنەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە نوێیەی لە ناوچەکە و عێراق و کوردستان هاتووەتە ئاراوە، پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و یەکێتیش ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە."
ئەم سەردانەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026 ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی تورکیا (میت) لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە.




