وەرزی زاوزێی ماسیی دارەخ کە تەنیا لە دەریاچەی وان دەژی، بەرەو کۆتایی دەچێت؛ ملیۆنان بێچووە ماسی کە لە هێلکە هاتوونەتە دەرەوە، گەشتی گەڕانەوە بۆ نێو دەریاچەکە دەکەن. ئەم ساڵ 147 کەس بە تۆمەتی شکاندنی قەدەخە و راوکردنی ئەو جۆرە ماسییە دەستگیرکراون بە بڕی نزیکەی 43 هەزار دۆلار سزای دارایی دراون.
لەپێناوی ئەوەی گەشتی ماسیی دارەخ بەرەو ئاوە شیرینەکان لە وەرزی زاوزێدا بەبێ کێشە تەواو بێت، تیمەکانی جەندەرمە، پۆلیس و شارەوانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانی پارێزگاکە، لە چاودێری و پشکنین بەردەوامن.
کۆچی ئەو جۆرە ماسییە دەگمەنەی دەریاچەی وان بۆ نێو رووبارەکان بە مەبەستی زاوزێ، رۆژی 15ی نیسان دەستیپێکرد و 15ی تەممووز کۆتایی دێت.
لەو ماوەیەدا راوکردنی ماسیی دارەخ کە سەرچاوەی بژێویی زیاتر لە 15 هەزار کەسە، قەدەخەیە و پێشێلکاران سزا دەدرێن.
لەگەڵ چوونە نێو دوایین رۆژەکانی وەرزی کۆچ، بێچووە ماسییەکان لەو شوێنانەی رووبارەکان دەڕژێنە نێو دەریاچەکە، بۆ ماوەیەک دەمێننەوە تاوەکو لەگەڵ ئاوی دەریاچەکە رابێن. لەو شوێنانەی ملیۆنان بێچووە ماسی لێیە، پرۆسەی پاراستنی ئەو بێچووانە و چاودێریکردن شەو و رۆژ بەردەوامە.
تیمەکان بە سەرپەرشتیی محەممەد دەمیر، بەڕێوەبەری لقی راوەماسی و بەرهەمە ئاوییەکان، بە شێوەی 24 کاژێری کار دەکەن بۆ ئەوەی بێچووە ماسییەکان بە سەلامەتی بگەنە دەریاچەکە و هاوکات رێگریی لە راوی نایاسایی ماسیی دارەخ بکەن.
محەممەد دەمیر، بەڕێوەبەری لقی ماسیگری و بەرهەمە ئاوییەکانی وان رایگەیاند، ماسیی دارەخ لەنێوان 15ی نیسان بۆ 15ی تەممووز لە سوێراوەکانی دەریاچەی وانەوە بەرەو شیریناوەکان کۆچ دەکەن.
محەممەد دەمیر ئاماژەی بەوە کرد لەم ماوەیەدا ماسییەکان دەبنە ئامانجی راوی نایاسایی و گوتی: "لەپێناوی پاراستنی ماسیی دارەخ، مانگێک پێش دەستپێکردنی قەدەخەی راوکردن، دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەین."
هەروەها گوتیشی: "لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆن کۆدەبینەوە و بڕیاری پێویست دەدەین. تیمەکانمان مەشق و راهێنان بە کارمەندانی جەندرمە، پۆلیس، پاسەوانی کەناراوەکان، پۆلیسی شارەوانی و کارمەندانی قەزاکان دەکەن. هاوکات لەو قوتابخانانەی دەکەونە دەوروبەری دەریاچەکە و ناوچەکانی زاوزێ، هۆشیاریی پێویست دەدەینە قوتابیان."
سزای دوو ملیۆن و 818 هەزار لیرە دراوە
دەمیر زانیاریی لەبارەی ئەو سزایانە دا کە بەسەر راوچییە نایاساییەکاندا سەپێندراون و گوتی: "لەوەتەی دەستپێکردنی قەدەخەی راوکردن لە 15ی نیسانەوە تاوەکو ئێستا (4-7-2026)، سزا بە بڕی دوو ملیۆن و 818 هەزار لیرە (نزیکەی 43 هەزار دۆلار) بەسەر 147 کەسدا سەپێندراوە. لە پشکنینەکاندا دەست بەسەر 19 تۆن ماسیی مردوو، 7 بەلەم و 70 ئامێری جۆراوجۆری راوکردندا گیراوە."
دەمیر گوتی: "نزیکەی 15 بۆ 20 ساڵ لەمەوبەر، درێژیی ماسیی دارەخ 17-18 سانتیمەتر بوو، بەڵام لەو پێوانانەی ئێستا کردوومانە، دەردەکەوێت گەیشتووەتە 22-23 سانتیمەتر. داوا دەکەین لە وەرزی قەدەغەدا، ئەم ماسییەی کە بژێویی 15 هەزار کەسی لەسەرە، راو نەکرێت، نەفرۆشرێت و رێگەش بە راوکردنی نەدرێت."
بەهۆی راوی نایاسایی و بێسەروبەرییەوە لە ساڵانی نەوەدەکاندا خەریک بوو چیرۆکی ماسیی دارەخ کۆتایی بێت، بەڵام بەهۆی هەوڵی زانستی و پارێزگاریی پرۆفیسۆر د. مستەفا ساری، ماسییەکە لە قڕبوون رزگارکرا. ساڵی 2001 هەوڵدرا و داوا لە خەڵک دەکرا لەو ماوەیەدا راوی ماسیی دارەخ بوەستێنن. هەوڵەکان بەردەوام بوون و ساڵی 2013 حکومەت بە فەرمی قەدەخەی ماسیگرتنی لە 15ی نیسان بۆ 15ی تەمموزی هەموو ساڵێک راگەیاند.



.jpg&w=3840&q=75)