رووداو - دیجیتاڵ
لە دوایین ئاماری دامەزراوەی ئاماری تورکیادا هاتووە، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا گەیشتووەتە سەروو 86 ملیۆن کەس، بەمەش لە نێوان 194 وڵاتدا پلەی 18ـەمینی گرتووە و 1٪ـی کۆی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنێت.
رۆژی 9ـی تەممووزی 2026، دامەزراوەی ئاماری تورکیا بڵاوکراوەیەکی تایبەت بە "رۆژی جیهانیی دانیشتووان 2026"ـی بڵاوکردەوە. ژمارەی دانیشتووانی تورکیا گەیشتووەتە 86 ملیۆن و 92 هەزار و 168 کەس.
بەپێی پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناوەڕاستی ساڵی 2025، ژمارەی دانیشتووانی جیهان گەیشتووەتە 8 ملیار و 231 ملیۆن و 613 هەزار و 70 کەس.
لەم قۆناخەدا:
هیندستان: 1 ملیار و 463 ملیۆن و 865 هەزار و 525 کەس (قەرەباڵخترین وڵاتە)
چین: 1 ملیار و 416 ملیۆن و 96 هەزار و 94 کەس
ئەمریکا: 347 ملیۆن و 275 هەزار و 808 کەس
کە ئەم سێ وڵاتە بە تەنیا 39.2٪ـی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن.
لە ئامارەکاندا هاتووە، کە رێژەی منداڵان (تەمەن 0 تاوەکو 17 ساڵ) لە جیهاندا بە تێکڕا 29.3٪ـە، بەڵام لە تورکیا ئەم رێژەیە 24.8٪ـە و لە خوار تێکڕای جیهانییە. کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست بە 56.2٪ بەرزترین و کۆریای باشوور بە 12.9٪ نزمترین رێژەی منداڵانیان تێدایە.
سەبارەت بە رێژەی گەنجان (تەمەن 15 تاوەکو 24 ساڵ)، تێکڕای جیهانی 15.6٪ـە و تورکیا بە رێژەی 14.8٪ لە خوار ئەم تێکڕایەوەیە. لەسەر ئاستی جیهانیش سوودانی باشوور بە 23.3٪ بەرزترین و مۆناکۆ بە 8.8٪ نزمترین رێژەی گەنجانیان هەیە.
ئامارەکان دەریدەخەن کە کۆمەڵگەی تورکیا بەرەو پیری دەچێت، چونکە تێکڕای رێژەی بەتەمەنەکان (65 ساڵ و بەرەو سەر) لە جیهاندا 10.4٪ـە، بەڵام لە تورکیا ئەم رێژەیە گەیشتووەتە 11.1٪ کە لە سەروو تێکڕای جیهانییەوەیە.
مۆناکۆ بە 36٪ بەرزترین و قەتەر بە 1.7٪ نزمترین رێژەی بەتەمەنەکانیان هەیە.
دیاریکردنی رۆژی جیهانیی دانیشتووان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1989، کاتێک بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) رۆژی 11ـی تەممووزی 1987ـی وەک "رۆژی جیهانیی دانیشتووان" دەستنیشان کرد، چونکە لەو رێکەوتەدا ژمارەی دانیشتووانی سەر زەوی 5 ملیار کەسی تێپەڕاند. پاشان ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە ساڵی 1999 گەیشتە 6 ملیار، لە 2011 بووە 7 ملیار و لە ساڵی 2022ـدا 8 ملیار کەسی تێپەڕاند. سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) ساڵانە لەم رۆژەدا راپۆرت و چالاکیی جۆراوجۆر بڵاودەکاتەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی جیهان لەبارەی گەشەی دانیشتووان و کاریگەرییەکانی لەسەر پەرەپێدان و داهاتووی مرۆڤایەتی.



