رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، لە نووسینگەی خۆی لە پەرلەمانی تورکیا پێشوازی لە شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد و لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا کە نزیکەی 40 خولەکی خایاند، هەنگاوە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەرییان تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوەکە لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەستی پێکرد و تێیدا باخچەلی لە بەردەم دەرگای نووسینگەکەی خۆی لە پەرلەمانی تورکیا پێشوازی لە ئەندامانی شاندی ئیمراڵی، پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار کرد.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە دەم پارتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی پێشکەشکردنی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان، گەڕێکی نوێی دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردووە.
لەم چوارچێوەیەشدا رۆژی چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026 شاندەکە لەگەڵ ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەی نێوان دەم پارتی و مەهەپەدا، گفتوگۆ لەسەر کارەکانی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" و ئەو پرۆژەیاسایە تایبەتە کرا کە بڕیارە بۆ پرۆسەی چارەسەری بخرێنە بەردەم پەرلەمان.
پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا چاوەڕێی پرۆژەیاسایەکی تایبەتە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوای چەکدانان و خۆڕادەستکردنەوەیان. ئەو پرۆژەیاسایە لەسەر بنەمای راپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەنووسرێتەوە کە لە مانگی شوباتی 2026 پێشکێش بە پەرلەمان کرا.


.jpg&w=3840&q=75)
