رووداو دیجیتاڵ
پێشنیازەیاسای پەیوەندیدار بە "ئەو منداڵانەی پەلکێشی تاوان کراون" لەلایەن لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیاوە پەسندکرا و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەنگی لەسەر دەدرێت.
بەگوێرەی مادەیەکی نوێ کە بۆ یاسای پاراستنی منداڵان زیاد کراوە، بۆ ئەو منداڵانەی لە پرۆسەی دادوەریدان و بەرپرسیارێتیی سزادرانیان لەسەر نییە، رێوشوێنێکی ئەمنیی تایبەت بە منداڵانیان بۆ دیاری دەکرێت.
بە هەموارکردنی یاسای پاراستنی منداڵان، لێکۆڵینەوە لەگەڵ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ ناچاری دەبێت.
ئەگەر لەلایەن داواکاری گشتییەوە یانیش دادگا و دادوەری منداڵانەوە لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵێکی تەمەن سەروو 15 ساڵ نەکرێت، دەبێت هۆکارەکەی لە نووسراوی تۆمەتنامەکەی یان لە بڕیارەکەدا روون بکرێتەوە.
لەو پێشنیازەیاسایەدا مادەیەکی نوێ بۆ یاسای سەرپێچییەکان زیاد دەکرێت. بەو مادەیەی کە لەژێر ناونیشانی "هەڵگرتنی چەقۆ بێ رێگەپێدان" زیاد کراوە، لەژێر هەر ناوێکدا بێت، نمایشکردن و فرۆشتنی هەموو جۆرە چەقۆ و ئامرازێکی دیکەی بڕەر، لە دەرەوەی چوارچێوەی "یاسای پەیوەندیدار بە چەک و کەرەستە هاوشێوەکان"، بێ رێپێدان، هەروەها فرۆشتنیان بە هاووڵاتی خوار تەمەن 18 ساڵ و کڕین یان هەڵگرتنیان لەلایەن منداڵانەوە قەدەخە دەکرێت.
ئەوانەی پابەندی ئەم قەدەخەیە نابن، بە پێنج هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 105 دۆلار) سزا دەدرێن، ئەگەر ژمارە یان جۆری ئەو چەقۆ و ئامرازانەی کە سەرپێچییەکەیان پێکراوە مەترسیدار بێت، ئەوا سزا بە بڕی 10 هەزار لیرە (نزیکەی 210 دۆلار) بەسەریاندا دەسەپێندرێت.
هەروەها ئەگەر بەڕێوەبەر یان بەرپرسی شوێنەکە بزانێت کە ئەم سەرپێچییە کراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار نەکاتەوە، بە بڕی پێنج هەزار لیرە سزا دەدرێت. بڕیاریش دەدرێت کە خاوەندارێتیی ئەو کەلوپەلانەی بوونەتە هۆی سەرپێچییەکە یان لە رێگەی ئەنجامدانی سەرپێچییەکەوە بەدەستهاتوون، دەستی بەسەردا بگیرێت.
بڕیاردان لەسەر سزای کارگێڕیی دارایی و دەستبەسەرداگرتن بەهۆی سەرپێچییەکەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەبێت و گواستنەوەی کەلوپەلە قەدەخەکراوەکانیش بۆ دەوڵەت لەلایەن بەرپرسی باڵای کارگێڕیی ناوچەکەوە بڕیاری لێ دەدرێت.
ئەو منداڵانەی سەرپێچی دەکەن و تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی منداڵەکە و بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای پاراستنی منداڵان، بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنەکانی پاراستن، پشتیوانی و ئاراستەکردن، لەلایەن بەرپرسی باڵای کارگێڕیی ناوچەکەوە داوای گرتنەبەری رێوشوێن لە دادوەری منداڵان دەکرێت. بڕگەکانی ئەو مادەیە بۆ فرۆشتن لەڕێی ئینتەرنێت و فرۆشتنی لە دوورەوە (ئۆنلاین)یش جێبەجێ دەکرێت.
بەکارهێنان، هەبوون و هەڵگرتنی چەقۆ و هاوشێوەکانیان کە بۆ ئەنجامدانی کارێکی هونەری، پیشەیی یان بۆ مەبەستی خوێندن و مەشقکردن پێویستن، لە شوێنی ئەنجامدانی کارەکە و لەلایەن ئەو کەسانەی کارەکە دەکەن، ناچنە ژێر بڕگەکانی ئەم مادەیەوە.
هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساکان، رێوشوێنی تایبەت بۆ منداڵان دەگیرێتەبەر کە مەبەست لێی پاراستنیانە لەوەی بخزێنە ناو تاوانەوە.
رێوشوێنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، رێوشوێنی پاراستن لە مەترسییە دیجیتاڵییەکان، رێوشوێنی کتێب و کتێبخانە، رێوشوێنی رێزگرتن و پاککردنەوەی ژینگە، رێوشوێنی بەرەنگاربوونەوەی ئالوودەبوون بە تووتن، نیکۆتین، کحول، قومار و ماددەی هۆشبەر.
بەگوێرەی "رێوشوێنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و گشتی"، بڕیار دەدرێت منداڵان لە یانە وەرزشییەکان، ناوەندەکانی گەنجان، دامەزراوە وەرزشییەکان و دامودەزگا گشتییە پەیوەندیدارەکاندا بۆ ماوەی 20 تاوەکو 300 کاژێر ئەرکێک وەربگرن کە یارمەتیدەر بێت لە گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ئەواندا؛ ئەو رێوشوێنەش لەلایەن وەزارەتی وەرزش و لاوان، وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکانی تورکیاوە جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی "رێوشوێنی رێزگرتن لە ژینگە و پاککردنەوەی ژینگە"، بڕیار دەدرێت منداڵەکە بۆ 20 تاوەکو 300 کاژێر لە ناوچەیەکی دیاریکراوی وەک پارک، باخچە یان کەنار دەریا پاککردنەوەی ژینگە ئەنجام بدات، هەروەها بەشداری بکات لە چالاکییەکانی چاودێریکردنی رووەکە دیاریکراوەکان، نەمام چاندن و گوڵ چاندن؛ ئەو رێوشوێنەش لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان، وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانی ئاووهەوا، زانکۆکان و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت.
لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم رێوشوێنانەدا، ئەگەر هەر بەرهەڵستکاری یان سەختییەک هەبێت، دەکرێت داوای هاوکاری لە هێزە ئەمنییەکان بکرێت.
هەروەها هاوئاهەنگیی نێوان دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردنی رێوشوێنەکان لەلایەن وەزارەتی خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەبێت و لەسەر ئاستی پارێزگا و شارۆچکەکانیشدا هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی دامەزراوەکان لەلایەن پارێزگار و قایمقامەوە دەکرێت.
رێکار و بنەماکانی جێبەجێکردنی ئەم مادەیە، لە رێگەی پەیڕەوێکەوە کە لەلایەن وەزارەتی خێزانەوە دەردەچێت، دیاری دەکرێت.
لە رێی ئەو مادە زیادکراوەوە، ئامانجەکە بەهێزکردنی ئامرازەکانی دەستوەردانە بۆ تێکەڵکردنەوەی منداڵان بە کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی مەترسیی دووبارە ئەنجامدانەوەی تاوانەکە.
دوای پەسندکردنی پێشنیازەیاساکە جونەیت یوکسەل، سەرۆکی لیژنەکە و پەرلەمانتاری ئاکپارتی رایگەیاند، هەمواری زۆر گرنگ لە پێشنیازەیاساکەدا هەیە و لە کاتی گفتوگۆکاندا بەرژەوەندیی منداڵ کراوەتە بنەما.
هەروەها ئاماژەی کرد کە ئەم پێشنیازەیاسایە هاوکارییەکی بەرچاو پێشکەش بە سیستمی دادوەریی منداڵان دەکات.
یوکسەل هەروەها گوتی: "پاراستنی منداڵەکانمان لە هەموو جۆرە پشتگوێخستن، دەستدرێژی و مەترسییەک، هەروەها ئامادەکردنیان بۆ داهاتوو، تەنیا بەرپرسیارێتیی سیستمی یاسایی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەمووانە. پێشنیازەیاساکە لە رۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی بڕیاردان لەسەری، پێشکەش بە کۆڕبەندی گشتیی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت."


