رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیێنێت بۆ گەیشتن بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و کۆتاییهێنان بە چەک، پێویستییان بە رێکارێکی یاسایی نوێ هەیە. دەشڵێت: "ئەم یاسایە بە هیچ شێوەیەک لێبووردنی گشتی یان لێبووردنی کەسی لەخۆ ناگرێت."
رۆژی چوارشەممە 22-7-2026 نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی شەش پارتی سیاسیی خاوەن فراکسیۆنی لە پەرلەمان خستەڕوو. کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد تورکیا لە قۆناخێکی مێژووییدایە و گوتی: "دوای ئەوەی پەکەکە ئیرادەی خۆی بۆ دانانی چەک نیشاندا، ئێستا قۆناخێکی نوێ دەستیپێکردووە."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوە کرد کە پڕۆسەی چارەسەری بە ئیرادەیەکی تەواو "خۆماڵی و نیشتمانی" بەڕێوەدەچێت. گوتیشی: "لەم پڕۆسەیەدا پێویستمان بە چاوی سێیەم یان لایەنی دەرەکی نییە، چونکە پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان خۆیان چاودێر و جێبەجێکاری پڕۆسەکەن."
ناوەڕۆکی یاسا نوێیەکە چی دەبێت؟
کورتوڵموش روونیکردەوە کە یاساکە کاتی و تایبەت دەبێت بۆ ئەم قۆناخە و ئامانجی سەرەکییان بریتییە لە:
- دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ پشتڕاستکردنەوەی دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە.
- کردنەوەی رێگەی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی رێکخراوەکە و کۆتاییهێنان بە چالاکیی چەکداری.
- بێ لێبووردن: کورتوڵموش جەختی کردەوە: "ئەمە وەک لێبووردنی گشتی یان لێبووردنی تایبەت بۆ کەسەکان هەژمار ناکرێت."
سەرۆکی پەرلەمان ئاواتەخوازە ئەم یاسایە پێش پشووی هاوینەی پەرلەمان، بە فراوانترین کۆدەنگیی نێوان پارتە سیاسییەکان پەسند بکرێت.
پرۆسەی چارەسەری رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18-02-2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.

