رووداو - دیجیتاڵ
دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئۆزگور ئۆزەل و 90 پەرلەمانتاری دیکە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە), نەخشەی دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا گۆڕانکاریی بەسەردا هات، "پارتی نوێ" بووە دووەم گەورەترین پارتی سیاسی لە پەرلەماندا.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پێشووی جەهەپە، پارتێکی نوێی بە ناوی "پارتی نوێ " (YENİ Parti) دامەزراند، ژمارەی کورسییەکانی جەهەپە لە 135 کورسییەوە دابەزن بۆ 44 کورسی و بووە پێنجەم پارتی پەرلەمان. لە بەرامبەردا "پارتی نوێ" بە 91 پەرلەمانتار بووە هێزی دووەم و "ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی" لە پەرلەماندا.
نەخشەی نوێی دابەشبوونی 592 کورسییەکەی پەرلەمانی تورکیا:
- پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی): 277 کورسی
- پارتی نوێ: 91 کورسی
- پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی): 56 کورسی
- پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە): 46 کورسی
- پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە): 44 کورسی
- ئیی پارتی: 29 کورسی
- پارتی رێگای نوێ: 20 کورسی
سەرباری ئەمانەش، 11 پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەماندا هەن، هەروەها هەریەک لە هودا پار و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ چوار کورسی، پارتی کرێکارانی تورکیا سێ کورسی، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و پارتی رەنج هەریەکەیان دوو کورسی، پارتەکانی سەعادەت، چەپی دیموکرات و پارتی دیموکرات هەریەکەیان یەک کورسییان هەیە.
پێشتر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە 135 کورسی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن و دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بوو لە دوای ئاکپارتی. لەگەڵ دروستبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و جیابوونەوەی باڵی ئۆزگور ئۆزەل، پێگەی مێژوویی جەهەپە وەک حیزبی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن لە دەستچوو و درایە پارتی نوێ.



