رووداو - دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 10 رۆژ لە کۆتاییهاتنی قەدەخەی راوکردن، ماسیی دارەخ گەیشتە بازاڕەکان و نرخەکەشی دیاریکرا.
ماسیی دارەخ کە (ئینجی کەفالی) ناوە تورکییەکەیەتی، خواردنێکی دڵخواز و سەرەکیی خەڵکی وانی باکووری کوردستانە. لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی قەدەخەکردنی راوی ئەو ماسییە (لە نێوان 15ی نیسان تاوەکو 15ی تەممووز2026)، ئەم ساڵیش خرایە بازاڕەوە.
بەهۆی گەرمیی کەشوهەواوە، لە هەندێک فرۆشگەدا ماسیی دارەخ لە نێو ساردکەرەوە و بەفرگرەکان دەپارێزرێت.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی قەدەخە 90 رۆژییەکە، ماسیگران تۆڕەکانیان هەڵدایە نێو دەریاچەکە و یەکەمین راوی ئەم وەرزەیان کرد.
نزیکەی 10 رۆژە قەدەخەکە کۆتایی هاتووە، خواستێکی زۆر لەسەر کڕینی ماسیی دارەخ هەیە و خەڵکی وان و دەوروبەری دڵخۆسن بەوەی هەتا نۆ مانگی دیکە خوانەکانیان دارەخی لی نابڕێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزەکە، نرخی ئەم ساڵی دارەخ بووەتە جێی گرنگیپێدانی کڕیاران.
پێش قەدەخەکردنی راو، نرخی یەک کیلۆ ماسیی دارەخ لە نێوان 100 بۆ 120 لیرەی تورکی (2.11 بۆ 2.5 دۆلار) بوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێدا نرخە نوێیەکەی ئاشکرا کرا کە کەمیک بەرزبووەتەوە.
نرخی ماسیی دارەخ چەندە؟
لە کاتێکدا بەشێک لە ماسیفرۆشان ماسیی دارەخ بە 130 لیرە (2.75 دۆلار) دەفرۆشن، لە هەندێک شوێنی دیکەدا نرخەکە دەگاتە 150 لیرەی تورکیش کە دەکاتە نزیکەی 3.17 دۆلار.
نرخەکان لە رۆژێک بۆ رۆژێک و لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێن.
هاونیشتمانیان چاوەڕوانییان گونجاویی نرخی ئەو ماسییە تاقانەی شارەکەیانە و ماسیگرانیش هیوادارن ئەم وەرزە بۆیان پڕ لە بەرەکەت بێت.
ماسیی دارەخ کە تەنیا لە وانی باکووری کوردستان دەژی و لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نییە، بژێوی ژیانی نزیکەی 30 هەزار کەس دابین دەکات.
ساڵانە لە تورکیا 30 هەزار تۆن ماسی راودەکرێ، کە 10 هەزار تۆنی تەنیا ماسیی دارەخە، ئەمەش دەکاتە یەک لەسەر سێی هەموو بەرهەمی ماسیی نێوخۆیی وڵاتەکە و داهاتی ساڵانەی زیاترە لە 12 ملیۆن دۆلار.



