رووداو - دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی دەربڕی کە پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کراوە و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە برایەتیی هەزار ساڵەی تورک و کوردی جارێکی دیکە سەلماندەوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە خۆی یەکێک بوو لەوانەی واژۆی لەسەر پرۆژە یاساکە کرد، گوتی: "بەو واژۆوە، برایەتیی هەزار ساڵەمان جارێکی دیکە پشتڕاستکرایەوە. تورک بێت یان کورد، زمان و ناسنامەی هەرچییەک بێت، هەمووان قازانجیان کرد. 86 ملیۆن هاووڵاتیی دەوڵەتەکەمان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست براوەی ئەم پرۆسەیەن."
سەرۆکی مەهەپە گوتیشی: "ئەمە پڕۆژەی دەوڵەتە. پەرلەمانمان دەستپێشخەریی پێویستی لەمبارەیەوە وەرگرتووە و دەوڵەتیش کارە پێویستەکان بەڕێوەدەبات. هەموومان پێکەوە چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەین."
ئەمرۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی) کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، بە واژۆی 360 پەرلەمانتار پێشکەشی پەرلەمان کرا.
پرۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە، هەنگاوەکانی داهاتووی چەکدانان و گەڕانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ تورکیای تێدایە.
پرۆسەی چارەسەری، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا، لە کانوونی یەکەمی 2024 بە تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد.
باخچەلی کە یەکێکە لە پاڵپشتیکارە هەرە سەرەکییەکانی ئەو پرۆسەیە لە تورکیا، بەر لە پێشکەشکردنی پرۆژە یاساکە بە پەرلەمان، بە میدیای وڵاتەکەی گوت؛ پێویستە ئۆجەلان بە مافی هیوا شاد ببێت، ئەحمەدەکان (ئەحمەد تورک و ئەحمەد ئۆزەر) بۆ سەر ئەرکەکانیان (سەرۆکی شارەوانی) بگەڕێنەوە و سەلاحەددین دەمیرتاشیش بگەڕێتەوە ماڵەکەی.


