رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پڕۆژەیاسای تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری پەسندکرد.
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ کە نزیکەی 12 کاژێری خایاند، پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای "بههێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یهكگرتوویی كۆمهڵایهتی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پڕۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پڕۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پڕۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتبوو لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەشکرابوو.
هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان
لە دەنگدانەکەدا، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ یاساکە دەربڕی. فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی، مەهەپە، دەم پارتی، پارتی نوێ و پارتی رێگەی نوێ، لەگەڵ پارتەکانی هوداپار، پارتی کرێکارانی تورکیا و پارتی رەنج، دەنگی "بەڵێ"یان بە یاساکە دا.
لە بەرامبەردا، پارتی باش (ئیی پارتی) دەنگی "نەخێر"ی دا و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە دەنگی "بێلایەن" بەشداریی کرد. هەروەها لە نێو فراکسیۆنی پارتی نوێدا جۆرێک لە جیاوازیی را هەبوو، بەشێوەیەک کە لانی کەم 30 پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەنگی "نەخێر"یان دا.
پڕۆژەیاساکە پێشتر لە 5ـی ئابدا پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرابوو، کە واژۆی 360 پەرلەمانتاری لەسەر بوو، دواتریش لە 8ـی ئابدا لە کۆبوونەوەیەکی 18 کاژێریی کۆمیسیۆنی داددا، رەزامەندیی لایەنە سەرەکییەکانی وەک ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی بەدەستهێنابوو.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانەکە، جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پەسندکردنی پڕۆژەکەی وەک یاسا راگەیاند و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی خێر و ئاشتی بۆ وڵاتەکە.


