رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە چوونی بەشێک لە ئەندامانی هەسەدە بۆ خاکی تورکیا دەکەن و جەختی لەسەر پاڵپشتی بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە.
زەکی ئاکتورک، گوتەبیژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆبوونەوەی هەفتانەی رۆژنامەڤانی لە ئەنقەرە، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە و رایگەیاند: "دوورن لە راستییەوە."
گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەی تێكەڵکردنی هەسەدە لەلایەن مەزڵووم عەبدییەوە لە دیمەشق و هاوئاهەنگییەکانی نێوان سوپای تورکیا و سوپای سووریا دەکەن.
گوتەبێژەکەی بەرگریی تورکیا گوتی: "تورکیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا، گەشەپێدانی توانای دامەزراوەیی و ئارامیی گەلی سووریا."
هەروەها، وەزارەتی بەرگریی تورکیا پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و چەمکی "یەک دەوڵەت، یەک سوپا" دووپات کردەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە دەرچوونی ئەندامانی بیانیی هەسەدە لە سووریا و چوونیان بۆ تورکیا دەکەن، بە "بێ بنەما" وەسف کرد.
دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێکەڵکردنی پێکهاتەکانی لەگەڵ سوپای فەرمیی سووریا، دەنگۆ و زانیاری جیاواز لە میدیاکاندا سەبارەت بە چارەنووسی شەڕڤانان، بەتایبەت چەکدارە بیانییەکان، بڵاوبوونەوە، بەڵام تورکیا سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.


