رووداو دیجیتاڵ
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لە پرۆسەی رادەستکردنی هەندێک ئەشکەوت و چەک لە ناوچەی مەتین لە هەرێمی کوردستان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، گەیشتوونەتە قۆناخێکی گرنگ. راشیگەیاند، پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکاندا نامێنێت.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 12-10-2026، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە دیارەکانی دیلۆک لە باکووری کوردستان، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی چارەسەری و پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
کورتوڵموش رایگەیاند، لە پرۆسەی رادەستکردنی هەندێک ئەشکەوت و چەک لە ناوچەی مەتین بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەنگاوێکی گرنگ نراوە و رایگەیاند، بەم پێشهاتە هیچ هێزێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە سنوورییەکاندا نامێنێت.
لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کە لە 10ی ئابی ئەم ساڵ بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا، کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە لایەنە ئەمنییەکان چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی پەکەکە پشتڕاست بکەنەوە و دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە رابگەیێندرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "پرۆسەکە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و میکانیزمێکی چاودێرییەوە کە لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت، بەدواداچوونی بۆ دەکرێت."
کورتوڵموش باسی لەوەش کرد کە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا قۆناخێکی گرنگی بڕیوە و لە قۆناخی داهاتوودا پێویستە کار لەسەر تەواوکردنی چەکداماڵین، بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و پەرەپێدانی ستانداردە دیموکراسییەکان بکرێت.
کورتوڵموش ئاماژەی بە دەستکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی پرۆسەکەش کرد و رایگەیاند، دابینکردنی ئارامی لە ناوچەکەدا دەرفەتی نوێ بۆ تورکیا و گەلانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت. هاوکات هۆشداریی دا لەبارەی هەوڵی "وروژاندن و پشێوی" و جەختی کردەوە کە رێگە نادەن سێبەر بخرێتە سەر ئەنجامە ئەرێنییەکانی پرۆسەکە.
ئەم لێدوانەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کاتێکدایە دوێنی تورکیا لە رێگەی ئاژانسی فەرمی دەوڵەتەوە چۆڵکردنی چوار بارەگای پەکەکە لە ناوچەی مەتین راگەیاند. چەند رۆژێک پێشتر پەکەکە رایگەیاندبوو کە چەند بارەگایەکیان لەو ناوچەیە چۆڵکرووە.
ناوچەی مەتین کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ناوچە ستراتیژییەکان کە بۆ ماوەیەکی درێژ بنکە و بارەگای پەکەکەی تێدا بووە.



