رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەنقەرە و باکۆ بەردەوامن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشداری لە لووتکەی سەرۆکانی دەوڵەتانی 'سیکا' لە ئازەربایجان ناکات و لەبری ئەو، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەچێتە باکۆ.
رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، حەوتەمین لووتکەی سەرۆکانی دەوڵەت و حکومەتەکانی 'کۆنفرانسی هاوئاهەنگی و رێکارەکانی گەیشتن بە متمانە لە ئاسیا' (CICA)، لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان دەستپێدەکات.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ناچێتە ئەو وڵاتە و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە وەک نوێنەری سەرۆککۆمار سەرۆکایەتیی شاندی تورکیا دەکات؛ ئەم بڕیارەش لە میدیاکاندا وەک نیشانەیەکی ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئازەربایجان لەسەر پرسی "قەدەخەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکان" لێکدەدرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەردۆغان لە هەردوو خولی پێشووی لووتکەکە لە ساڵانی 2019 لە تاجیکستان و 2022 لە کازاخستان، بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداریی کردبوو.
لەم دواییانەدا، پارتی ئازەربایجانی نوێ، کە پارتەکەی ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجانە، ئۆکتای ساراڵ، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا و پەرلەمانتارانی ئاکپارتیی بەوە تۆمەتبار کرد کە "لە گەوهەری بابەتەکە تێناگەن". هەروەها تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئازەربایجانیش پەیامێکی ئاراستەی تورکیا کرد و رایگەیاند، "دەست لە کاروباری ناوخۆمان وەرنەدەن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە گوتاری کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەبێ ناوهێنانی ئازەربایجان، داوایکرد دەستبەرداری قەدەخەی باڵابۆشی ببن. ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجانیش بەبێ ناوهێنانی تورکیا رایگەیاند، هیچ وڵاتێکی دۆست و جیهان بۆیان نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەیان بکەن.



.jpg&w=3840&q=75)