رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی ریش سپییەکانی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک دەڵێ، پەیوەندییە مێژووییە پتەوەکانی نێوان تورکیا و ئازەربایجان زۆر لەوە قووڵترن بکەونە ژێر کاریگەریی رووداوەکانەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لە خۆشی و ناخۆشیدا پتەوە.
ئەم قسانەی بینالی یڵدرم، سەرۆکی ئەنجوومەنی ریش سپییەکانی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی ساڵی خوێندنی 2026-2027ی زانکۆی (ئەرزینگان بیناڵی یڵدرم) لە ئەرزینگانی باکووری کوردستان هات، کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای سەربازی و خۆجێی و ئەکادیمی بەڕێوەچوو.
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە، یڵدرم گوتی: "ئازەربایجان و تورکیا دوو دەوڵەتی یەک گەلن و رەگ و ریشەی هاوبەشیان هەیە" و ئاماژەی بەوەدا کە مافی سەروەریی هەر وڵاتێک تایبەتە بە خۆی و هیچ بوارێک بۆ دەستوەردان نییە.
یڵدرم راشیگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، چارەنووسی شکستە و گوتیشی: "ئێمە براین، لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەشین، هەروەک چۆن لە رابردوودا لە ئەنادۆڵ، قەوقاز و تورکستان شارستانییەتمان دروستکرد، لە داهاتوویشدا بەردەوام دەبین."
ئەم قسانەی بینالی یڵدرم لە کاتێکدایە لە ئابی ئەم ساڵدا حکومەتی ئازەربایجان بڕیاری قەدەخەکردنی باڵاپۆشی لە ناوەندەکانی خوێندن دەرکرد و بەهۆیەوە ناڕەزایی زۆری نێوخۆیی لێکەوتەوە. تورکیاش لە ئاستی جیاوازدا بەتایبەتی لە رێگەی سۆشیال میدیاکانەوە هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکان دەربڕی.
لەم چوارچێوەیەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە گوتاری کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەبێ ناوهێنانی ئازەربایجان، داوایکرد دەستبەرداری قەدەخەی باڵابۆشی ببن. ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجانیش بەبێ ناوهێنانی تورکیا رایگەیاند، هیچ وڵاتێکی دۆست و جیهان مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەی بکات.
دواتر گرژییەکان پەرەیان سەند، پارتی ئازەربایجانی نوێ، کە پارتەکەی ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجانە، ئۆکتای ساراڵ، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا و پەرلەمانتارانی ئاکپارتیی بەوە تۆمەتبار کرد کە "لە گەوهەری بابەتەکە تێناگەن". هەروەها تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئازەربایجانیش پەیامێکی ئاراستەی تورکیا کرد و رایگەیاند، "دەست لە کاروباری ناوخۆمان وەرنەدەن."
دوای ئەم پەیامە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشداری لە لووتکەی سەرۆکانی دەوڵەتانی ئەندام لە رێکخراوی 'سیکا' لە ئازەربایجان نەکرد کە رۆژی 15ـی مانگ لە باکۆ-ی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچوو. لەبری ئەو، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ناردە باکۆ.


