رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسای رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا و بڕیارە بخرێتە دەنگدانەوە.
ئەمرۆ سێشەممە، 20-10-2026 رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە رەوانەی پەرلەمانی تورکیا کرا.
رێککەوتنەکە کە ئامانجی پتەوکردنی ئاسایشی تورکیا، پاکستان و سعودیەیە لە رێگەی "بەرگری و رێگریی هاوبەش"، سەرەتا رەوانەی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان دەکرێ بۆ گفتوگۆکردن.
دوای گفتوگۆکردن لەسەر نێوەرۆکی رێککەوتنەکە، بریار وایە لە پەرلەمانی تورکیادا بخرێتە دەنگدانەوە بە مەبەستی پەسندکردنی.
رۆژی 7ی ئابی 2026، هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ محەممەد شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە "رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە"یان لە شاری مەککە واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە وەک رەنگدانەوەی "دیدگای ستراتیژیی هاوبەش"ی هەر سێ وڵات سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و پابەندبوونیان بە "دۆزینەوەی چارەسەری هەرێمی بۆ کێشە هەرێمییەکان" ناودەبردرێ. ئامانجی سەرەکیی هاوپەیمانییەکە، پتەوکردنی ئاسایشی تورکیا، پاکستان و سعودیە لە رێگەی میکانیزمی بەرگریی هاوبەشەوە.



