رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی سیاسەتی نەختینەیی بە رێژەی 1% دابەزاند و لە 37%ەوە بۆ 36% کەمی کردەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ باشکردنی دۆخی ئابووری.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 22-10-2026، ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی تورکیا، بە سەرۆکایەتیی یاشار فاتیح کاراهان، سەرۆکی بانکەکە، کۆبووەوە و بڕیارەکەی راگەیاند.
بەپێی بڕیارەکە، دوای 9 مانگ، بۆ یەکەمجار رێژەی سوودی بانکی، بە رێژەی یەک پۆینت کەمکرایەوە.
لەبارەی رێژەی هەڵاوسان لە راگەیێندراوی بانکەکەدا هاتووە، "سەرەڕای هەڵبەز و دابەزی مانگانە، داتاکانی ئەم دواییەی هەڵاوسان و نیشاندەرە پێشوەختەکان، داکشان لە رەوتی سەرەکیی هەڵاوساندا پشتڕاست دەکەنەوە."
بانکی ناوەندیی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، داتاکانی چالاکیی ئابووری و کاریگەریی سنوورداری شۆکەکانی خستنەڕوو لەسەر نرخە ناوخۆییەکان، ئەوە نیشان دەدەن کە خواست لەسەر کاڵا لە بازاڕی ناوخۆدا لاوازە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بانکەکە هۆشداری دا لەوەی کە گرژییە جیۆپۆلەتییەکان و بەرزیی نرخی وزە، هێشتا وەک مەترسییەک بۆ سەر هەڵاوسان ماونەتەوە و لە نزیکەوە چاودێریی کاریگەرییەکانی دەکەن.
بانکی ناوەندی جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی تووندی نەختینەیی تاوەکو بەدەستهێنانی سەقامگیریی نرخەکان بەردەوام دەبێت. هەروەها هۆشداریدا لەوەی کە "لە ئەگەری تێکچوونێکی بەرچاو و هەمیشەیی لە دۆخی هەڵاوساندا، سیاسەتی نەختینەیی تووندتر دەکرێتەوە."
ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندیی تورکیا لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە ساڵانێکە بەدەست رێژەی بەرزی هەڵاوسانەوە دەناڵێنێت دواین جار لەمانگی ئەیلوول رێژەی هەڵاوسان بە 29.73٪ راگەیێندرا. بڕیاری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە کاتێکدایە کە چاوەڕوانییەکان لەسەر سیاسەتی نەختینەیی تورکیا جیاوازن. ئەم هەنگاوە لەلایەن وەبەرهێنەران و بازاڕە داراییەکانەوە لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت بۆ تێگەیشتن لە ئاراستەی داهاتووی ئابووریی تورکیا.



