رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێ، دوو ساڵە سەربازێک نەکوژراوە و ئەمەش بە گرنگترین دەستکەوتی پرۆسەی چارەسەری دادەنێت؛ هەروەها باس لەوە دەکات کە پێشهاتی ئەرێنی لە سووریا و عێراق روویانداوە و هیوای خواست لە ئێرانیش هەمان پێشهات رووبدات.
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، لەبەرئەوەی شەڕی پەکەکە نەماوە، "رێکخراوەکە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و چەکی داناوە، هەربۆیە ململانێکە کۆتایی هاتووە. بەڵام بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرمان بەردەوامە. بۆ نموونە، دژی فەتۆ، گرووپە ئاینییە پەرگیرەکان و رێکخراوە تیرۆریستییە چەپە رادیکاڵەکان لە خەباتداین."
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی پرۆسەی "ناوچەی بێ تیرۆر"دا پێشهاتی ئەرێنی لە سووریا و عێراق روویانداوە و هیوای خواست لە ئێرانیش هەمان پێشهات رووبدات.
دەسەڵات پرۆسەی چارەسەری لەناوخۆی تورکیا بە "تورکیای بێ تیرۆر" و لە دەرەوەی تورکیاش بە "ناوچەی بێ تیرۆر" ناودەبات.
مستەفا چیفتچی ئاماری رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوەکانی تاوانی ئاشکرا کرد و گوتی: "لە 9 مانگی سەرەتای ساڵی 2026دا 1741 ئۆپەراسیۆنمان بۆسەر 625 رێکخراوی تاوانکاریی نوێ و تاوانی رێکخراو ئەنجامداوە. لە ئەنجامدا 8 هەزار و 170 کەس دەستگیرکراون."
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکاندا دەست بەسەر داهاتێکی نزیکەی 95 ملیار لیرە (نزیکەی 2 ملیار دۆلار)دا گیراوە.
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، نزیکەی یەک لەسەر سێی زیندانیانی تورکیا بە تاوانی مادەی هۆشبەر گیراون.
چفتچی گوتی: "ئێستا 434 هەزار کەس لە گرتووخانەکانی تورکیادان، 36%یان بەهۆی تاوانی مادەی هۆشبەرەوە گیراون. لە 9 مانگی سەرەتای 2026دا، 42 هەزار و 377 ئۆپەراسیۆنمان ئەنجامداوە و 35 هەزار و 819 کەس دەستگیرکراون."



