رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایدەگەیێنێت، پرۆسەی چارەسەری بەهۆی هەنگاونەنانی دەسەڵاتدارانی تورکیاوە سڕ بووە. دەشڵێت، تاوەکو عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد نەکرێت و پێگەی فەرمیی پێنەدرێت، گەریلا هیچ هەنگاوێکی دیکە نانێت.
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی "میدیا خەبەر" رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە راگرتنی شەڕ و کشانەوەی هێزەکانیان لە باکووری کوردستان "هەنگاوی مێژوویی" ناوە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەنقەرە هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ بەدیموکراتیکردن و زەمینەسازیی یاسایی نەناوە.
بەسێ هۆزات بە تووندی وەڵامی محەممەد ئوچوم، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە و بە "نوێنەری رەوتی جەنگ و نکۆڵیکردن لەنێو دەوڵەتدا" ناوی برد.
رۆژی 15-10-2026 محەممەد ئوچوم، راوێژکاری باڵای ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ میدیاکانی تورکیا لەبارەی پێگە و دۆخی یاسایی ئۆجەلان گوتی: "با بڵێین لیژنەی لاوەکیی چەکدانان و بەسیاسیکردن، ئۆجەلانی وەک رێکخەری لیژنەکە راسپارد. ئەم راسپاردنە نە پێگەی یاسایی ئۆجەلان دەگۆڕێت، نە سزاکەی هەڵدەپەسێرێت."
هاوسەرۆکی کەجەکە گوتی: "رێبەر ئاپۆ ئیرادەی ئەم گەلەیە و ئازادیی ئەو بە چارەسەریی پرسی کوردەوە بەستراوەتەوە. روون و ئاشکرایە تاوەکو رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، پێگەی فەرمی نەبێت و بە ئازادی پرۆسەکە بەڕێوەنەبات، گەریلا یەک هەنگاوی دیکە نانێت."
هۆزات هۆشداری دا کە "هەڵسوکەوت لەگەڵ رێبەرایەتیمان، هەڵسوکەوتە لەگەڵ تەواوی گەلی کورد؛ ئەگەر پێگەی فەرمی نەبێت، واتای ئەوەیە دەوڵەت نایەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکات."
هاوسەرۆکی کەجەکە لەبارەی ئەو هەواڵانەی دەزگاکانی راگەیاندنی نزیک لە دەسەڵات بڵاویان کردووەتەوە کە گوایە ئەشکەوتەکان لە خواکورک، خنێرە و گارە چۆڵکراون و چەک دانراوە، رایگەیاند: ''هەموو ئەمانە شەڕی تایبەتن. بە دروستکردنی رۆژەڤی نوێ و تێگەیشتنی جیاواز یاری بە کات دەکەن و بەمشێوەیە کات بۆخۆیان دەکڕن."
هەروەه هۆزات گوتی، "ئەگەر دەرفەتی سیاسەتی دیموکراتییانە بڕەخسێت، واز لە مەتینا، خواکورک و خنێرە بهێنە، لە هەموو گۆڕەپانەکان گەریلا چەک دادەنێت و بە شێوەیەکی رێکخراوەیی سیاسەتی دیموکراتییانە دەکات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی کەجەکە رەخنەی لە رەوشی زیندانیانی سیاسی لە تورکیا گرت و رایگەیاند، سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە پێڕەو دەکرێت: "زیندانی هەیە ماوەی 30 ساڵی زیندانییەکەی تەواو کردووە، بەڵام ئازاد ناکرێت، هاوکات دەیان زیندانیی نەخۆشیی سەخت بە تەندروستییەکی خراپەوە هێڵراونەتەوە."
بەسێ هۆزات جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە مامەڵەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی لەنێو گەلی کورددا و رێگری لەوە دەکات کە پرۆسەی ئاشتی لەنێو کۆمەڵگەدا رەگ دابکوتێت.



