رووداو دیجیتاڵ
ئەو بارانبارینەی لە شەوی رابردووەوە، لە ئامەد دەستی پێکردووە؛ بە شێوەی پچڕپچڕ بەردەوامە، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و شارەوانییەکانی ئامەد، خارپێت، دێرسیم، چەولیگ، دیلۆک، رووها، مێردین و ئێلیهـ هۆشداریی تووند لەبارەی لافاو دەدەن.
بەگوێرەی دوایین پێشبینیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی، ئەمڕۆ و سبەی پێنجشەممە 29-10-2026 شەپۆلیکی بەهێزی باران باکووری کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینیی دروستبوونی لافاویش دەکرێت.
لە ئامەد، تاوەبارانی بەخوڕ کاریگەر دەبێت. پێشبینی دەکرێت ئەو بارانبارینەی شەوی رابردوو لە سەرتاسەری ئامەد دەستیپێکردووە، کاریگەرتر و بەردەوام بێت. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای شارەکە، بارانبارین لە هەندێک شوێن بەخوڕتر دەبێت.
هۆشداریی بارانی بەخوڕ بۆ چەندین پارێزگا
پێشبینی دەکرێت لە پارێزگاکانی خارپێت، دێرسیم، چەولیگ، دیلۆک، رووها، ئامەد، مێردین و ئێلیهـ بارانی بەخوڕ ببارێت.
هاوکات لە پارێزگاکانی سەمسوور، باکووری رووها و باکوور و رۆژئاوای ئامەد پێشبینی دەکرێت شوێن بە شوێن بارانی بەخوڕ ببارێت.
هەروەها لە باشووری مەڵەتی و رۆژهەڵاتی مەڕەش پێشبینیی بارانی بەخوڕ دەکرێت.
کەشناسی هەروەها هۆشداریی داوە لەوەی بەهۆی بارانە بەخوڕەکەوە، ئەگەری روودانی لافاوی لەناکاو، کۆبوونەوەی ئاو لە شەقامەکاندا، هەورەبروسکە، رەشەبای بەهێز و دروستبوونی ئاستەنگ لە هاتووچۆدا هەیە.
بەتایبەتی داوا لە هاونیشتمانییان کراوە کە بارانبارین لێیان چڕ دەبێتەوە، رێکاری پێویست بگرنەبەر و ئەگەر زۆر پێویست نەبوو، لە ماڵەکانیان نەڕۆنە دەرەوە.
گەورەشارەوانیی ئامەدیش هۆشداری دەدات
گەورەشارەوانیی ئامەدیش بۆ رۆژانی 28 و 29ـی تشرینی یەکەم، هۆشداریی لەبارەی تاوەبارانی بەخوڕ بڵاوکردەوە و دەڵێ: "لە ناوچەکانی چەرمووک، شنگوش، ئەرغەنی، هێنێ و پیران، شوێن بە شوێن پێشبینیی تاوەبارانی زۆر بەخوڕ دەکرێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا داوا لە هاونیشتمانییان کراوە بەرامبەر بە مەترسییەکانی لافاو، کۆبوونەوەی ئاو، تەرزە، رەشەبا و گەردەلوول وریابن.
داواش کراوە لەکاتی هەر دۆخێکی نەخوازراودا پەیوەندی بە سەنتەری پەیوەندییەکانی (ALO 153)ـی شارەوانییەوە بکرێت.
بانگەواز بۆ هاونیشتمانییان
داوا لە هاونیشتمانییانی ئامەد کراوە بەردەوام چاودێریی پێشبینییەکانی کەشوهەوا بکەن.
لەکاتی بارانباریندا پێویستە شۆفێران بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین و دروستبوونی گۆماو لەسەر رێگەوبانەکان بە وریاییەوە شۆفێری بکەن، داواش کراوە لەو شوێنانەی مەترسیی لافاویان لەسەرە پێشوەختە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.



