رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا، یاسایەکی نوێ بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرچووە و بەپێی یاساکە، مێر منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ ناتوانن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن.
یاسا نوێیەکە لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، جێبەجێ دەکرێت. بەپێی ئەو یاسایە، کە فەرمانگەی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی سەرۆکایەتیی کۆمار راستەوخۆ سەرپەرشتیی دەکات، هەر کەسێک بیەوێ هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکاتەوە، دەبێت لە رێگەی سیستمی "ئی-دەوڵەت"ـەوە بسەلمێنێت کە تەمەنی لە سەروو 15 ساڵەوەیە.
ئەو کەسانەی پێشتر هەژماریان هەبووە، تاوەکو 31ـی ئاداری 2027 دەرفەتیان هەیە بۆ ئەوەی تەمەنی خۆیان لە رێگەی "ئی-دەوڵەت"ـەوە پشتڕاست بکەنەوە، ئەگەرنا هەژمارەکانیان دادەخرێت.
بۆ گەنجانی تەمەن 15 بۆ 17 ساڵیش چەند مەرجێک دانراون، لەوانە:
•هەژمارەکانیان بەشێوەیەکی خۆکار دەبنە تایبەت و میکانیزمی بەکارهێنان زۆر سنووردار دەکرێت.
•تەنیا دەتوانن لەو کەسانەوە نامە وەربگرن کە فۆڵۆیان کردوون.
•ناتوانن پەخشی راستەوخۆ بکەنەوە.
•زانیارییەکانیان بۆ مەبەستی بازرگانی و ریکلام بەکارناهێنرێت.
هەروەها، دایکان و باوکان دەتوانن لە رێگەی ئەم سیستمەوە چاودێریی کاتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەرجییەکانی منداڵەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆنترۆڵ بکەن.



