رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی داوا دەکات کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی بۆ چاودێریی پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت و دەڵێت، "پێویستە سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆببێتەوە بۆ ئەوەی کارەکان خێراتر بکرێن."
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی، باسی لە رەوشی سیاسیی تورکیا کرد.
دۆغان ئاماژەی بە ساڵیادی دەستگیرکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و پەرلەمانتارانی دیکەی هەدەپە کرد و گوتی، "ئەو نادادپەروەرییە دەبێت کۆتایی بێت و ئەو سیاسی و رۆژنامەڤانانەی لە زیندانن، ئازاد بکرێن."
گوتەبێژی دەم پارتی باسی لەوەش کرد کە پرۆسەی چارەسەری خاوبووەتەوە و گوتی، "پێویستە هەموو لایەنەکان هەوڵبدەن بۆ ئەوەی پرۆسەکە پێشبکەوێت و نابێت بکرێتە بابەتی ململانێی سیاسی."
دۆغان داوای کرد ئەو دەستانەی بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراون کارا بکرێن و رێگە بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ وڵات و بەشدارییان لە ژیانی سیاسیدا خۆش بکرێت.
لەبارەی دروستکردنی شوێنێکی نوێ بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە ئیمراڵی، دۆغان گوتی، "ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەڵام دواکەوتووە و سنووردارە."
هەروەها داوای کرد رێگە بدرێت رۆژنامەڤانان سەردانی ئۆجەلان بکەن و گوتی، "ئەمە پرۆسەکە خێراتر دەکات."


