رووداو دیجیتاڵ
31ـەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، سبەی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026 بە میوانداریی تورکیا لە شاری ئەنتاڵیا و بەشداریی هەزاران کەس لە 197 وڵات و هەرێمی جیهان، کە سەرکردەی وڵاتان، وەزیر، نوێنەر، کەسانی ئەکادیمی و رێکخراوی جیاواز لەخۆدەگرێ، دەستپێدەکات و تاوەکو 20ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
ئامادەکارییەکان بۆ کۆپ 31
بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، ئامادەکاری تەواو کراوە و ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکەش بەهێزکردنی متمانە و هاوئاهەنگیی نێوان وڵاتان و گۆڕینی بەڵێنەکانە بۆ هەنگاوی کردەیی.
چالاکییەکان لە دوو ناوچەی سەرەکی بەڕێوەدەچن. یەکێکیان بە ناوچەی شین و ئەوی دیکەش بە ناوچەی سەوز ناسراوە.
کۆبوونەوە باڵاکان و دیدارە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەی شین بەڕێوەدەچن، کە رووبەرەکەی 527 هەزار مەتر چوارگۆشەیە. چوونەژوورەوە بۆ ئەم ناوچەیە بەپێی رێکارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت.
لەم ناوچەیەدا، جگە لە کۆبوونەوە فەرمییەکان، چەندین پانێڵ و گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا، وزەی پاک، سفر خاشاک و تەندروستی بەڕێوەدەچن.
ناوچەی سەوز، کە رووبەرەکەی 582 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، بۆ بەشداریی گشتی تەرخانکراوە. لەم ناوچەیەدا کەسانی ئەکادیمی، ئەندامانی رێکخراوەکان و گەنجان چارەسەر و تەکنەلۆژیاکانیان لە رێگەی پێشانگا و پانێڵەوە دەخەنەڕوو.
ناونانی هۆڵەکان بە ناوی کەسایەتی و شوێنەکان
هۆڵەکانی کۆنفرانسەکە بە ناوی شوێن و کەسایەتییە مێژووییەکانی باکووری کوردستان، تورکیا و جیهانی ئیسلامییەوە ناونراون.
گەورەترین هۆڵی کۆبوونەوەی گشتی لە ناوچەی شین بە ناوی (ئەنادۆڵ) کراوە؛ هەروەها دوو هۆڵی کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی بە ناوی (مەولانا) و (یونس ئەمرە) ناونراون.
لە ناوچەی سەوزیش، گەورەترین هۆڵ کە جێگەی 5 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە، ناوی (غەززە)ی لێنراوە.
هەروەها چەندین هۆڵی دیکە بە ناوی کەسایەتییەکانی وەک (ئیبن سینا)، (فارابی)، (ئەحمەدی خانی) ناونراون.
رێکارە ئەمنی و لۆجستییەکان
بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆنفرانسەکە، 27 هەزار و 957 کارمەندی ئەمنی، جەندرمە و هێزەکانی پاراستنی کەناراوەکان لە ئەرکدا دەبن.
بۆ گواستنەوەی بەشداربووان، 630 پاسی دۆستی ژینگەدۆست بەکاردەهێندرێن.
هەروەها 5 نۆرینگەی تەندروستی و 20 تیمی فریاگوزاریی خێرا بۆ هەر دۆخی لەناکاو ئامادەکراون.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنتاڵیا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری Uçbey VTOLـی بۆ پاراستنی ئاسایشی لووتکەکە خستووەتەکار.
ئەم فڕۆکەیە توانای چاودێریکردنی رووبەرێکی بەرفراوانی هەیە.
یەکەمین لووتکەی کەشوهەوا لە ساڵی 1995 لە بەرلین بەڕێوەچوو. لەو کاتەوە وڵاتانی ئەندام ساڵانە کۆدەبنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش.
ئەم ساڵ تورکیا سەرۆکایەتیی لوتکەکە دەکات کە تاوەکو 20ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.


