رووداو دیجیتاڵ
کابینەی حکومەتی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی چارەسەری، گۆڕانکاری لە مووچەی خانەنشینان، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی "سندووقی وەبەرهێنان" و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە دۆخی ناوچەکە کۆدەبێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026 حکومەتی تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەشتەپە لە ئەنقەرە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببێتەوە.
پرۆسەی چارەسەری
پرۆسەی چارەسەری کە لای بەرپرسانی تورکیا بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" ناسراوە، یەکێک دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کارەکانی "دەستەی هاوئاهەنگیی هاوپشتی و یەکگرتوویی نیشتمانی" دەکرێ کە لەلایەن جەودەت یەڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیاوە سەرپەرشتی دەکرێ.
هاوکات، باس لە دوایین هەنگاوەکانی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی "لیژنەی چاودێری" بۆ پرۆسەکە دەکرێ.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا و لەسەر بنەمای زانیاریی دەزگا ئەمنییەکان، ئەو قۆناخەی کە خشتەی کاتیی چەکدانانی پەکەکە پێی گەیشتووە، تاوتوێ دەکرێ.
گۆڕانکاری لە مووچەی خانەنشینان
یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی ئەو رێکخستنەوەیە کە بۆ مووچەی خانەنشینان ئامادە کراوە و چەند پێشنیازێک دەخرێنەڕوو.
چاوەڕێ دەکرێ لە پاڵ زیادکردنی مووچەی خانەنشین بەپێی رێژەی هەڵاوسان، زیادکردنێکی دیکەش وەک زیادکردنی بڕێکی دیاریکراو یان پێدانی پشکی خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم خانەنشینان لەبەرچاو بگیرێ.
ئەم گۆرانکارییە کە نزیکەی 18 ملیۆن خانەنشین دەگرێتەوە، لە ڕیگەی پێشنیازەیاسایەک دواتر پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا دەکرێ.
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵی لە "سندووقی وەبەرهێنان"
لە کۆبوونەوەکەدا، وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵی لە "هەژماری وەبەرهێنان" دەخرێتەڕوو. جگە لە لایەنی دادوەری، میکانیزمی پێدانی پارەی قەرەبوو بە وەبەرهێنەرانی ئەو هەژمارانەی کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان دراوە، تاوتوێ دەکرێ.
لە بواری سیاسەتی دەرەوەیش، چەند بابەتێک گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێ. لەوانەش گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران، ئەنجامی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئازەربایجان و لووتکەی کەشوهەوا کە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
حکومەتی تورکیا لە 17 وەزیر پێکدێ. ئەو کابینەیە 14 رۆژ جارێک بۆ تاوتوێکردنی رۆژەڤی وڵاتەکە و ناوچەکە کۆدەبێتەوە و دوایین کۆبوونەوەی لە 26ـی تشرینی یەکەم بوو.


