رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە رایگەیاند، "تورکیای بێ تیرۆر" تەنیا پرسێکی ئەمنی نییە، بەڵکو پرسێکی ستراتیژیی دەوڵەتە و بەستراوەتەوە بە داهاتووی تورکیاوە. باخچەلی هەروەها دیدگەی "لە 50 خاڵدا بۆ هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی گەشاوە" خستەڕوو.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە گوتی: "بۆ بونیاتنانی کولتووری پێکەوەژیان لە ژێر یەک ئاسمان، بۆ ئاشتی و لەئامێزگرتنی کۆمەڵایەتی، هەروەها بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی و قووڵ بۆ سەرجەم کێشە کۆمەڵایەتییەکانمان، ئیدی کاتی هاتووە رۆژ هەڵاتووە. ئەم راستییانەی دەیانبینین، بەرپرسیارێتییەکی نوێی مێژووییان خستووەتە ئەستۆی مەهەپە. برایەتیی هەزار ساڵەمان، وەک نەتەوە و دەوڵەت گەورەترین سەرچاوەی هێز و توانامانە."
سەرۆکی مەهەپە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "تورکگون"ی نزیک لە حیزبەکە گوتی: "لە جیهانی ئەمڕۆماندا، ئاماژەکانی سەردەمێکی مێژوویی پڕ لە قەیرانی قورس دەبینین؛ شتە کۆنەکان لەنێودەچن، بەڵام شتە نوێکانیش هێشتا بونیات نەنراون، ئەمەش خۆی لە خۆیدا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە. جیهانەکەمان بە قۆناخێکی یەکجار سەخت و پڕ لە ئازاردا تێدەپەڕێ".
دەوڵەت باخچەلی دەڵێ: "کاتێک مرۆڤ لەم روانگەیەوە سەیری رووداوەکان دەکات، تێدەگات کە دەبێت تورکیا وەک دەوڵەت و نەتەوە، ئەم گۆڕانکاری و پێشهاتانەی کە هەڕەشە لە ئارامیی ناوخۆیی، یەکێتیی نەتەوەیی، برایەتی، ئاسایش و بەرژەوەندییەکان دەکەن، لە هەموو لایەکەوە و بە شێوازێکی واقیعییانە ببینێت".
دەوڵەت باخچەلی ئاماژە بەوە دەکات کە "لەم سەردەمە پڕ لە باوبۆران و مەترسیدارەی جیهاندا، لە هەموو شتێک زیاتر پێویستیمان بە عەقڵێکی نوێ، ستراتیژییەکی ژیرانە، ویژدانێکی نەتەوەیی، هۆشیارییەکی مێژوویی و بەرپرسیارێتییەکی سیاسییە. ئاشکرایە کە رێباز و مۆدێلەکانی دوێنێ ناتوانن وەڵامی کێشەکانی ئەمڕۆ بدەنەوە و ناتوانن داهاتوویەکی گەشاوە بونیات بنێن. رەوشی بوونمان وا دەخوازێ کە خۆمان سەرلەنوێ هەڵسەنگێنین و دابڕێژینەوە".
سەرۆکی مەهەپە دەنووسێت: "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە کۆتایی بە هەوڵەکانی دابەشکردنی تورکیا لەسەر بنەمای ئایین، باوەڕ، مەزهەب و نەتەوە بێنین و پێناسەکانی وەک پێشکەوتنخواز، دواکەوتوو، عەلمانی و دیندار وەلا بنێین. بەرە دروستکردن لەسەر بنەمای بەهاکانمان و کێبڕکێکردن بە بەها هاوبەشەکانمان، ئامرازی سیاسەت نییە".
بە گوتەی باخچەلی، "تورکیای بێ تیرۆر" بە جێبەجێکردنی 50 خاڵ جێبەجێ دەکرێ:
1- تورکیای بێ تیرۆر ئیرادەی کۆتاییهێنانە بە تیرۆر کە زیاتر لە چل ساڵە تورکیا پێوەی دەناڵێنێت، لەنێوبردنی وێرانییەکانی تیرۆرە لە ژیانی مرۆڤ، کۆمەڵگە، ئابووری و دەوڵەت، هەروەها رزگارکردنی داهاتووە لە سایەی تیرۆر. لەم روانگەیەوە، ئەمە تەنیا کێشەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پرسێکی ستراتیژیی دەوڵەتە کە بەستراوەتەوە بە داهاتووی تورکیاوە.
2- لە بنەمای بیرۆکەی تورکیای بێ تیرۆردا پاراستنی یەکێتی و یەکپارچەیی نەتەوەی تورک، بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەتی کۆماری تورکیا و بەجێهێشتنی وڵاتێکی پارێزراوتر، ئارامتر و گەشاوەتر بۆ نەوەکانی داهاتوو هەیە.
3- لە بناخەی ئەم روانگەیەدا بونیاتنانی داهاتوو هەیە بەبێ لەبیرکردنی ئازارەکانی رابردوو. یادی شەهیدانمان، قوربانیدانی بریندارانی جەنگ و ئەزموونی نەتەوەکەمان کە لە شەڕی دژی تیرۆردا باجی گەورەی داوە، گرنگترین پایەکانی تورکیای بێ تیرۆرن.
4- دەبێت تورکیای بێ تیرۆر وەک ئامانجێک ببینرێ کە تورکیا بە ویستی خۆی، بە عەقڵی دەوڵەتداریی خۆی و بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی دیاری کردووە. لە تێڕوانینی مەهەپەدا، ئەم پرۆسەیە بابەتی هیچ سەپاندنێکی دەرەکی، مامەڵە و سازشێک یان ئامادەکارییەک نییە کە ویستی نەتەوەیی تورکیا سنووردار بکات.
5- لای مەهەپەوە بابەتەکە بریتییە لە کۆکردنەوەی تەواوی نەتەوەی تورک لە دەوری بیرۆکەی داهاتوویەکی هاوبەش، بەهێزکردنی ئاسایشی دەوڵەت و ئارامیی کۆمەڵایەتی پێکەوە. لەبەر ئەمەش، ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر لەگەڵ یەکێتیی نەتەوەیی و برایەتیدا پێکەوە هەڵدەسەنگێندرێت.
6- زەوینەی سیاسیی تورکیای بێ تیرۆر لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 لە کاتی کردنەوەی ساڵی نوێی یاسادانانی پەرلەمان بە سڵاوکردنی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی دەستیپێکرد و لە نێو کەشێکی نوێی سیاسیدا شێوازی گرت. ئەم هەنگاوە بووە یەکێک لە نیشانە سەرەتاییەکانی ویستی سیاسی.
7- بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی مەهەپەدا وایکرد چەمکی تورکیای بێ تیرۆر وەک ئامانجێکی سیاسی بە روونی بێتە کایەوە. بەم بانگەوازە دەستنیشانکرا کە پێویستە کێشەی تیرۆر بە تێڕوانینێکی نوێوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ. ئەم بانگەوازە، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی گەورە.
8- لە چەقی تێڕوانینەکەی دەوڵەت باخچەلیدا ئەوە هەیە کە تورکیا پێویستی بە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری نییە، بەڵکو پێویستی بە چارەسەرێکە لەسەر بنەمای عەقڵی هاوبەش، دڵسۆزی، رێککەوتنی کۆمەڵایەتی و ویستی نەتەوەیی. لەبەر ئەمەش، تورکیای بێ تیرۆر لە لایەن مەهەپەوە دووبارەکردنەوەی پرۆسەکانی رابردوو نییە، بەڵکو چوارچێوەیەکی جیاوازی سیاسی و ستراتیژییە.
9- ئەو بەرپرسیارێتییەی کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لەم پرۆسەیەدا لە ئەستۆی گرتووە، دەبێت لە نێو سیاسەتی مەهەپەدا لەسەر بنەمای دەوڵەت و نەتەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ. تێگەیشتنی "پێش هەموو شتێک وڵات و نەتەوەکەم، پاشان پارتەکەم و من" وەک یەکێک لە سەرچاوە سیاسییەکانی ئەم دیدگەیە دەردەکەوێ.
10- بۆ مەهەپە، سیاسەت تەنیا پەرچەکردار نییە بەرامبەر رووداوەکانی رۆژانە، بەڵکو خوێندنەوەی پەیوەندیی نێوان رووداوەکانە، پێشبینیکردنی لێکەوتەکانی ئەم پێشهاتانەیە بۆ سەر تورکیا و داڕشتنی سیاسەتێکە بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان. ئەمەش توانای بەڕێوەبردنی رووداوەکانە بەبێ ئەوەی مرۆڤ ببێتە دیل و ژێردەستەیان.
11- یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی تورکیای بێ تیرۆر ئەوەیە کە رێکخراوی تیرۆریستی چەک دابنێت و کۆتایی بە بوونی رێکخراوەیی خۆی بهێنێت. بانگەوازی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی 27ی شوباتی 2025، لەم رووەوە بووە قۆناخێکی گرنگی پرۆسەکە.
12- راگەیێندراوەکەی پەکەکە لە 12ی ئایاری 2025دا کە تێیدا هەڵوەشاندنەوەی خۆی و بڕیاری چەکدانانی راگەیاند، پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆری گواستەوە بۆ قۆناخێکی نوێ. بەم شێوەیە، لە بانگەوازی سیاسییەوە تاوەکو بڕیاری هەڵوەشاندنەوە سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد.
13- هەنگاوی چەکدانانی کۆمەڵێک لە ئەندامانی پەکەکە لە 11ی تەممووزی 2025دا، بووە یەکەمین هەنگاوی جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان لەسەر ئەرزی واقیع. لە لێدوانەکانی مەهەپەدا ئەمە وەک جێبەجێکردن و پراکتیککردنی پرۆسەکە هەڵسەنگێندرا.
14- مەرجی بنەڕەتیی تورکیای بێ تیرۆر، دەرکردنی چەک و توندوتیژییە لە نێو ئامرازە سیاسییەکاندا. زەمینەی شەرعیی داواکارییە سیاسییەکان بریتییە لە؛ سیاسەتی دیموکراتی، یاسا و سیستمی دەستووریی کۆماری تورکیا.
15- لەبەر ئەمەش، لەو چوارچێوەیەی کە مەهەپە دیاریی کردووە، تورکیای بێ تیرۆر خۆبەدەستەوەدان، سازش یان مامەڵەکردن نییە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی، بەڵکو ئامانجی لەنێوبردنی تیرۆر و بەڕێوەبردنی سیاسەتە لە زەوینەی رەوای دیموکراسیدا. دەولەت باخچەلیش لە هەموو دەرفەتێکدا جەختی لەم خاڵە کردووەتەوە.
16- واتای سیاسیی تورکیای بێ تیرۆر ئەوەیە کە سەرجەم تاکەکانی نەتەوەی تورک بتوانن لە دەوری هەمان هەستی نەتەوەیی و داهاتووی هاوبەش کۆببنەوە. ئەم تێگەیشتنە ئامانجی ئەوەیە لەبری قووڵکردنەوەی جیاوازی و ململانێکان، یاسای هاووڵاتیبوونی هاوبەش و برایەتی بەهێزتر بکات.
17- لە دیدگەی مەهەپەدا، نەتەوە تەنیا کۆمەڵگەی ئەمڕۆ نییە؛ بەڵکو وەک بابەتێکی گشتگیر و گەورە سەیر دەکرێت کە لە نێو مێژوو، کولتوور، دەوڵەت و دیدگەی داهاتوودا واتا بەدەستدەهێنێت. تورکیای بێ تیرۆریش ئەنجامی سیاسیی ئەم بیرکردنەوە مێژووییەیە.
18- لەم چوارچێوەیەدا بیرۆکەی نەتەوەیی، وەک سیاسەتێک دەبینرێت کە کۆمەڵگە پارچە ناکات، بەڵکو یەکپارچەیی نەتەوە بەهێز دەکات. ئامانجی تورکیای بێ تیرۆریش بونیادنانی زەمینەیەکە کە ئارامی، ئاسایش و خۆشگوزەرانیی هاوبەشی هەموو هاووڵاتیانی کۆماری تورکیا مسۆگەر بکات.
19- بنبڕبوونی تیرۆر، کارنامەی سیاسەتی تورکیاش دەگۆڕێت. بە کەمبوونەوەی کێشە ئەمنییەکان، کەشێکی سیاسی دروست دەبێت کە تێیدا کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و دیموکراتییەکان بە شێوازێکی بەرفراوانتر تاوتوێ دەکرێن.
20- رەهەندی کۆمەڵایەتیی تورکیای بێ تیرۆر، بەهێزکردنی ژیانێکی کۆمەڵایەتییە کە لەبری پێکدادان پشتبەستوو بێت بە رێککەوتن؛ لەبری پارچەبوون بە یەکگرتوویی؛ لەبری توندوتیژی بە سیاسەتی دیموکراتی و لەبری ترس بە ئاسایش.
21- تورکیای بێ تیرۆر، تەنیا وەک کێشەیەکی ئاسایشی ناوخۆیی سەیر ناکرێت. ئەو پێشهاتانەی لە جوگرافیای دەوروبەری تورکیادا روودەدەن، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایش، ئابووری، سیاسەتی دەرەوە و پێگەی ناوچەیی وڵاتەکە دروست دەکەن.
22- لە جیهانی ئەمڕۆدا هاوسەنگییەکانی هێز دەگۆڕێن؛ کێبڕکێی ئەمریکا و چین، جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، ململانێکانی ناو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەورووپا و گۆڕانی رێگەکانی بازرگانی و وزە، کەشێکی نوێ دەهێننە ئاراوە. یەکجار گرنگە کە مرۆڤ لە نێو ئەم وەرچەرخانە جیۆپۆلیتیکییەدا لە تورکیای بێ تیرۆر تێبگات.
23- تورکیا بەهۆی پێگەی خۆی لە نێوان ئەورووپا و ئاسیا، دەریای رەش و دەریای نێوەڕاست و رێڕۆکانی وزە و بازرگانیدا، راستەوخۆ دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییە ناوچەییانە. لەبەر ئەمەش پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان ئاسایشی نێوخۆیی تورکیا و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.
24- بەردەوامیی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، تەنیا کاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەکە دروست ناکات؛ بەڵکو هاوکات کاریگەری لەسەر ئابووریی جیهانی، ئاسایشی وزە، جووڵەی کۆچبەری و ئاسایشی نێودەوڵەتیش دادەنێت. بۆیە سیاسەتە ئەمنییەکانی تورکیا ناتوانرێت بە جیاواز لە پێشهاتە ناوچەییەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.
25- لە دیدگەی مەهەپەدا، تورکیای بێ تیرۆر لە رووی کەمکردنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی کە جەنگە بەوەکالەتەکان و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دەوروبەری تورکیا دروستی دەکەن، ئامانجێکی ستراتیژییە. ئامانجەکە بریتییە لە بەهێزکردنی ئیرادەی ئەمنیی تورکیا و توانای جووڵەی لە ناوچەکەدا.
26- لە جەوهەری ئەم دیدگەیەدا ئەو بیرۆکەیە هەیە کە دەبێت تورکیا تەنیا دەوڵەتێک نەبێت کە چاودێریی پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات، بەڵکو دەوڵەتێک بێت کە بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات و ئاراستەیان دەکات.
27- تورکیای بێ تیرۆر، شانبەشانی توانای بەرگری و ئەمنیی تورکیا، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابوورییەکەشی دادەنێت. کەمبوونەوەی خەرجییە ئەمنییەکانی پەیوەست بە تیرۆر و کەمبوونەوەی زیانەکانی وەبەرهێنان، دەرفەت دەدات کە سەرچاوەکانی وڵات زیاتر بۆ ئاوەدانکردنەوە بەکاربهێنرێن.
28- لەبەر ئەمەش، تورکیای بێ تیرۆر تەنیا وابەستەی سەرکەوتنی دامەزراوە ئەمنییەکان نییە. پێشکەوتنی ئابووری، گەشەپێدانی ناوچەیی، پەروەردە، هەلی کار، ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش توخمە سەرەکییەکانی تورکیای بێ تیرۆرن.
29- بۆ ئەوەی تورکیای بێ تیرۆر هەمیشەیی بێت، دەبێت ئەو زەوینە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و جیۆپۆلیتیکییانەش لەنێوببرێن کە تیرۆر پێیانەوە دەمێنێتەوە. لە راگەیێندراوەکانی ساڵی 2026ی مەهەپەشدا، ئەم بابەتە وەک کێشەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی هەمەلایەنە دەربڕدراوە کە تەنیا بە لەنێوبردنی پێکهاتە چەکدارەکان سنووردار نابێت.
30- ئەم تێگەیشتنە پشتبەستووە بەو بنەمایەی کە مافی سەروەریی دەوڵەت لە سەرانسەری تورکیادا بە شێوازێکی بێ کەموکوڕی جێبەجێ بێت و هیچ پێکهاتەیەکی چەکدار یان نایاسایی نەتوانێت باڵادەستی بەسەر ئیرادەی هاووڵاتیاندا بسەپێنێت.
31- لایەنێکی گرنگی تورکیای بێ تیرۆر بریتییە لە بەشداربوونی پەرلەمانی تورکیا لە نێو پرۆسەکەدا. لە رووی هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکانی کێشەی تیرۆر لە نێو شەرعییەتی دیموکراتیدا، رۆڵی پەرلەمان یەکجار گرنگە.
32- لەم چوارچێوەیەدا لە ژێر سایەی پەرلەماندا کارەکانی لێژنەی هاوپشتیی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی بەڕێوەچوون و بە بەشداریی پارتەکان دانوستاندن کرا. سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە 18ی شوباتی 2026دا رایگەیاند، رەشنووسی راپۆرتەکە ئامانجی بەهێزکردنی ئاشتی و ئارامیی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت.
33- بەم جۆرە، مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیای بێ تیرۆر نەک تەنیا لەسەر ئاستی حکومەت، بەڵکو لەسەر زەوینەی پەرلەمانیش بووە مایەی دروستکردنی کایەیەکی بەرفراوانتری گفتوگۆی دیموکراتی
.
34- پێشڤەچوونی پرۆسەکە لە چوارچێوەی یاسادا، یەکێکە لە مەرجە بنەڕەتییەکانی هەمیشەییبوونی تورکیای بێ تیرۆر. پێویستە سەروەریی یاسا، سیستمی دەستووری، ئارامیی گشتی و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان لە هەمان کاتدا بپارێزرێن.
35- یاسای بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، کە لە ساڵی 2026دا پەسندکرا، لە خەباتی یاسایی دژی تیرۆردا قۆناخێکی نوێیە. دەولەت باخچەلی ئەم گۆڕانکارییەی بەستەوە بە ئامانجی وشککردنی ئەو زەمینانەی کە دەکرێت تیرۆریان لێ سەرهەڵبدات.
36- لەبەر ئەوە ئامانجی کۆتایی تورکیای بێ تیرۆر تەنیا لەنێوبردنی رێکخراوی تیرۆریستیی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو بونیادنانی دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی بەهێزە کە رێگە لە سەرهەڵدانی بارودۆخی رێکخراوی لەم شێوەیە بگرێت.
37- ئەم ئامانجە دەیەوێ لە هەمان کاتدا کە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا تۆکمە دەکات، رێگە بۆ ئەو سیاسەتانەش خۆش بکات کە ئاستی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان بەرز دەکەنەوە. پەیوەندیی نێوان تورکیای بێ تیرۆر و ئاوەدانکردنەوە، بۆ داهاتوو یەکجار گرنگە.
38- لای مەهەپە، تورکیای بێ تیرۆر سیاسەتێک نییە کە دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیا لاواز بکات؛ بە پێچەوانەوە، ئامانجێکی سیاسییە کە سەروەریی دەوڵەت، هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی بەهێزتر دەکات.
39- لەبەر ئەم هۆکارە جەخت لەوە دەکرێتەوە کە لە پرۆسەکەدا بە هیچ شێوەیەک سازش، مامەڵەکردن یان تێڕوانینێک نییە کە یەکپارچەیی دەستووریی تورکیا بخاتە ژێر پرسیارەوە.
40- ئامانجێکی دیکەی تورکیای بێ تیرۆر بریتییە لە بەهێزکردنی رۆڵی تورکیا لە ناوچەکەدا. راستییەکی بێ مشتومڕە کە تورکیایەک کە ئاسایشی نێوخۆیی خۆی تۆکمە کردبێت و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتیی خۆی پتەو کردبێت، لە بەرامبەر پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا بە شێوازێکی بەهێزتر وەڵام دەداتەوە.
41- لە دیدگەی سیاسیی دەولەت باخچەلیدا، دەبێت داهاتووی تورکیا نەک تەنیا لەسەر کێشەکانی ئەمڕۆ، بەڵکو لەسەر بنەمای هاوسەنگییەکانی هێزی سەدەی داهاتوو هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. لەبەر ئەمەش، تورکیای بێ تیرۆر وەک کۆڵەکەی ئاسایشی دیدگەی "تورکیای وڵاتی پێشەنگ" سەیر دەکرێت.
42- لەم تێگەیشتنەدا، هێزی تورکیا تەنیا بە توانستی سەربازییەوە بەند نییە؛ بەڵکو بە هێزی ئابووری، تەکنەلۆژیا، دیپلۆماسی، بەرهەمهێنان، ئاسایشی وزە و کاریگەریی دامەزراوەکانی دەوڵەتیشەوە بەستراوەتەوە. تورکیای بێ تیرۆر دەرفەت دەدات کە ئەم توخمانە بە شێوازێکی چالاکتر بەکاربهێنرێن.
43- بەهێزکردنی ئاشتی و ئارامی لە جوگرافیای دەوروبەری تورکیادا، بەتایبەتی لە رووی کەمکردنەوەی کاریگەریی پێشهاتەکانی عێراق و سووریا لەسەر ئاسایشی تورکیا خاوەنی گرنگییەکی یەکجار گەورەیە. سەرۆکایەتیی کۆماریش رایگەیاندبوو کە هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستی هاوکار دەبێت لە بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی لە عێراق و سووریادا.
44- سەرکەوتنی تورکیای بێ تیرۆر بەستراوەتەوە بەوەی کە سیاسەتە ئەمنییەکان و سیاسەتی دیموکراتی لە چوارچێوەی یاسادا یەکدی تەواو بکەن. لە زەوینەیەکی بێ تووندوتیژیدا، دەبێت سیاسەت بتوانێت کێشەکانی کۆمەڵگە بە رێگەی دیموکراتی تاوتوێ بکات.
45- لەم پرۆسەیەدا هەستیاریی بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی جەنگ خاوەنی گرنگییەکی تایبەتە. ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، لەبیرکردنی قوربانیدان و ئازارەکانی رابردوو نییە، بەڵکو بونیادنانی سیستمێکی کۆمەڵایەتیی پارێزراوە تاوەکو نەوە نوێیەکان هەمان ئازار نەچێژنەوە.
46- لە رووی مێژوو و تێگەیشتنی دەوڵەتداریی مەهەپەوە، تورکیای بێ تیرۆر وەک ئیرادەی گواستنەوەی یاسای برایەتیی هەزار ساڵەی نەتەوەی تورک بەرەو داهاتوو دەبینرێت. لەم دیدگەیەدا یەکێتیی نەتەوەیی، لەنێوبردنی جیاوازییەکان نییە، بەڵکو بەهێزکردنی هۆشیاریی نیشتمانی و داهاتووی هاوبەشە.
47- ئەو بەرپرسیارێتییەی کە دەولەت باخچەلی لەم پرۆسەیەدا خستوویەتییە سەر شان، لە چوارچێوەی مانەوەی دەوڵەت، سەروەریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتیدایە کە مەهەپە بەرگریی لێدەکات. تورکیای بێ تیرۆر بەردەوامیی ئەم هێڵە سیاسییەیە.
48- بەردەوامبوونی تورکیای بێ تیرۆر، تەنیا بە بێدەنگبوونی چەکەکانەوە بەند نییە؛ بەڵکو بە گەشەپێدانی توانستی ئابووری، کۆمەڵایەتی، یاسایی و دیموکراتیی تورکیاوە بەستراوەتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت ئەم ئامانجە، بە دیدگەی باڵای سەدەی دووەمی تورکیاوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
49- ئامانجی کۆتایی؛ نەهێشتنی کاریگەریی یەکلاکەرەوەی تیرۆر و تووندوتیژییە لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تورکیا. هەروەها دەستپێکردنی سەردەمێکە کە تێیدا تورکیا بتوانێت سەرچاوەکانی خۆی لەبری کێشە ئەمنییەکان، بەرەو ئاوەدانکردنەوە، خۆشگوزەرانی و پێداویستییەکانی نەوەکانی داهاتوو ئاراستە بکات.
50- تورکیای بێ تیرۆر، ئیرادەی گۆڕینی ئازارەکانی رابردووە بۆ ئارامیی داهاتوو. لە تێڕوانینی مەهەپەدا بابەتەکە بریتییە لە؛ پاراستنی یەکپارچەیی دەوڵەتی کۆماری تورکیا، بەهێزکردنی یاسای برایەتیی نەتەوەی تورک و دەرکردنی تیرۆر لە ژیانی کۆمەڵایەتی تاوەکو تورکیا ببێتە هێزێکی بەهێز و سەربەخۆ. بۆ مەهەپە ئەم بابەتە، نیشاندانی ئیرادەی نەخشاندنی داهاتووی خۆیەتی، لە ژێر هەر جۆرە مەرج و بارودۆخێکدا.


