رووداو دیجیتاڵ
مەحسون قرمزیگوڵ کە لە دوای کۆچی دوایی ئەحمەد کایاوە رەخنەی لێدەگیرا، لە 26ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندەدا بێدەنگیی شکاند؛ هونەرمەندێک کە دوای ئەوەی رایگەیاند دەیەوێت گۆرانی بە کوردی بڵێت کرایە ئامانج و بەهۆی ئەو گوشارانەی رووبەڕووی بووەوە، تورکیای جێهێشت و لە تاراوگە کۆچی دواییکرد.
ئەحمەد کایا رۆژی 11-2-1999 لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنی کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی مەگەزیندا رایگەیاند، لە ئەلبوومە نوێیەکەیدا گۆرانییەک بە کوردی دەڵێت و کلیپیشی بۆ دەکات، بەوەش بووە ئامانجی کاردانەوەکانی نێو هۆڵەکە. لە کاتێکدا چەتاڵ، چەقۆ و قاپ فڕێدەدرانە سەر مێزەکەی کایا، ناڕەزایەتییەکان دژی ئەو هونەرمەندە بوونە دیمەنە لەبیرنەکراوەکانی ئەو شەوە.
دوای رووداوەکە، کایا لەلایەن بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە کرایە ئامانج و بەهۆی ئەو دۆسیانەی لەسەری کرانەوە و زیادبوونی گوشارەکانەوە، لە حوزەیرانی 1999 تورکیای جێهێشت و لە فەرەنسا نیشتەجێ بوو. لە 16ـی تشرینی دووەمی 2000 لە پاریس، لە ئەنجامی جەڵتەی دڵدا لە تەمەنی 43 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
یەکێک لەو کەسانەی ئەو شەوە لە هۆڵەکەدا ئامادە بوو، هونەرمەندی خەڵکی ئامەد مەحسون قرمزیگوڵ بوو. قرمزیگوڵ سەرەڕای تێپەڕینی ساڵانێکی زۆر، هەر لە چەقی مشتومڕ و رەخنەکانی پەیوەست بەو شەوەدا مابووەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 16-11-2026 لە 26ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەحمەد کایادا هاتەدەنگ.
مەحسون قرمزیگول: ئیدی پروپاگەندەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بێزارکەر
ئەمڕۆ دووشەممە 16-11-2026 و لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەحمەد کایادا مەحسون قرمزیگول لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە: "چەندین ساڵە باس لەو شەوە تاریکەی ئەحمەد کایا و رووداوەکانی دواتر دەکرێت. کەسانێک دیمەنەکانی ئەو رووداوە لە چوارچێوەی راستەقینەی خۆیان دەردەهێنن و پروپاگەندەی ناڕاست دووبارە دەکەنەوە کە ئیدی ئەمە گەیشتووەتە ئاستێکی بێزارکەر. ئەگەر تاوەکو ئەمڕۆ بێدەنگ بووبم، لەبەر ئەوە بووە کە نەمویستووە لەسەر حیسابی یادەوەریی کاکە ئەحمەد بکەومە ناو مشتومڕ، بەڵام دەبینم بە بێدەنگ بوونم درۆکان زیاتر جێی راستییەکان دەگرنەوە. لەبەرئەوە بۆ یەکەمجار و دوایینجار ئەم روونکردنەوەیە دەدەم".
مەحسون قرمزیگول، هونەرمەند ئەحمەد کایای بە یەکێک لە بەهێزترین و بەویژدانترین ئەو هونەرمەندانە وەسفکرد کە ئەو وڵاتە پێیگەیاندوون و گوتی:" زۆرم خۆشدەویست. من پێمدەگوت (کاکە)، ئەویش پێیدەگوتم (براکەم). ئامۆژگاریی دەکردم و دەیگوت: مەحسوون، بەرهەمی نەمرتر و کۆمەڵایەتیتر پێشکێش بکە. وەکو ئەوانی دیکە مەبە. بە درێژایی ژیانم ئەو قسانەی ئەوم لەبیر نەکردووە".
مەحسون قرمزیگول: ئەو شەوە رەشەی ساڵی 1999 برینی قووڵی لە دڵی هەمووماندا دروستکرد
لەبارەی ئەو شەوەی ئەحمەد کایا تەنیا لەبەر ئەوەی گوتی گۆرانی و کلیپی بە زمانی کوردی بڵاودەکاتەوە، بە ناپاکی وڵات ناسێندرا و چەندین ناو و ناتۆرەی ناشایستەی بۆ هەڵبەسترا، مەحسون قرمزیگول نووسیویەتی: "ئەو شەوە رەشەی ساڵی 1999 برینی قووڵی لە دڵی هەمووماندا دروستکرد. ئەو شەوە لە هۆڵەکەدا تەنیا هونەرمەندان نەبوون؛ بەڵکو چەندین کەسایەتیی ناسراوی بواری کار و بازرگانی، تەلەڤزیۆن و راگەیاندنیش لەوێ بوون. هونەرمەندان هەبوون کە ناڕەزاییان بەرامبەر ئەحمەد کایا دەردەبڕی و کاردانەوەیان نیشاندەدا، هەروەها لە نێویاندا بازرگانیش هەبوون.
قرمزیگول کە چەندین جار سەرکۆنە کراوە بەوەی گوایە لەو شەوەدا چووەتە ریزی نەژادپەرستان و چەپڵەی لە دژی کایا لێداوە، ئەمانەی رەتکردەوە و گوتی: "ئەدیب ئاکبایرام لە تەنیشتم بوو. ئێمە نە ناڕەزاییمان بەرامبەر ئەحمەد کایا دەربڕی، نە هۆیهامان لێی کرد و نە چەقۆ و چەتاڵیشمان تێگرت. دوای ئەوەی کاکە ئەحمەد لەسەر سەکۆ هاتە خوارەوە، کەشی هۆڵەکە هێندەی دیکە گرژ بوو. هەندێک کەس وەکو کاردانەوەیەک مارشی 10ـەمین ساڵیان لێدا. هەستانەوەی من لەسەر پێ بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە دژی ئەحمەد کایا نەبوو. لە تورکیای ئەو ساڵانەدا، هەڵنەسانەوە لەکاتی لێدانی مارشی 10ـەمین ساڵدا، راستەوخۆ بە مانای (خیانەت) دەهات. وەکو کەسێکی خەڵکی دیاربەکر، ئەگەر لەو هۆڵەدا هەڵنەستابوومایە سەر پێ، تەنانەت ئەمڕۆش ناتوانم بیری لێبکەمەوە کە چی بەسەرم دەهات و رووبەڕووی چ جۆرە هێرش و پەلامارێکی بەکۆمەڵ دەبوومەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە بەشێکی زۆر لە کورد بەهۆی ئەوەی چووە سەر سەکۆ؛ بە چەپڵەوە گۆرانیی (مەملەکەتەکەی من جیاوازە)ی لەگەڵ هونەرمەندانی دیکە گوتەوە، لە مەحسون قرمزیگول تووڕەیە.
مەحسون لەمبارەیەوە دەڵێ: "ساڤاش ئای و رێها موختار، بۆ ئەوەی لەگەڵ هونەرمەندانی دیکە لەسەر سەکۆ بم، بە تایبەتی چەندین جار ناوی منیان هینا و بانگیان کردم. لەگەڵ هونەرمەندانی دیکە چووینە سەر سەکۆ و گۆرانیی "مەملەکەتم"ـمان گوتەوە. ئەمەش ناڕەزایی لە دژی ئەحمەد کایا نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە بەرنامەکە".
مەحسون قرمزیگول: لە کۆتایی بیستەکانی تەمەنمدا بووم و بێ ئەزموون بووم
مەحسون قرمزیگول وەنەبێ لەم روونکردنەوەیەیدا کە لە هەژماری خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە تەنیا بەرگری لە خۆیی بکات و بەس. بەڵکو ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر داخ و خۆزگە لە دڵیدا پەنگیان خواردووەتەوە و نووسیویەتی: "ئەوکات لە کۆتایی بیستەکانی تەمەنمدا بووم. گەنج بووم و بێ ئەزموون بووم. نەمتوانی پێشبینی ئەوە بکەم کە ئەو شەوە دەکرێ ببێتە هۆکاری چی! ئەمڕۆ کە ئاوڕ بۆ رابردوو دەدەمەوە، دەڵێم خۆزگە هەموومان لە بەرامبەر ئەوەی روویدا هەڵوێستێکی ویژدانیی بەهێزترمان بنواندبا. بەڵام بێدەنگبوونی من بەو مانایە نایەت کە بەشێک بووبم لەو هێرشەی کرا".
قرمزیگول هەروەها رایگەیاند، دوای پرۆگرامەکە لە بەرنامەی تەلەفیزۆنیی "شۆو خەبەر"ی رێها موختاردا قسەی لەسەر بابەتەکەی ئەحمەد کایا کردووە و دەڵێت:" لەوێ بە روونی بۆچوونەکانم لەبارەی کاکە ئەحمەدەوە دەربڕی. روونمکردەوە کە کاسێتە کوردییەکان هەر خۆیان بڵاودەکرێنەوە و گۆرانی گوتن بە زمانی کوردی ئازادە. تەنانەت بە رێها موختارم گوت، ئەگەر بیەوێت دەتوانم بیبەم بۆ ئەو شوێنانەی کاسێتی کوردییان لێ دەفرۆشرێت".
مەحسون قرمزیگول: لەوێ رەخنەم لە شێوازی قسەکردنی ئەحمەد کایا گرت
مەحسون نایشارێتەوە کە لەو پرۆگرامەدا رەخنەی لە شێوازی قسەکردنی ئەحمەد کایا گرتووە، هاوکات دەڵێت: "ناڕەزایی من لەسەر گۆرانی گوتنی ئەحمەد کایا بە زمانی کوردی نەبوو، بەڵکو لەسەر ئەو شێوازە بوو کە ئەو شەوە بەکاریهێنا. چونکە چ شتێک لەوە سرووشتیتر هەیە کە مرۆڤ بیەوێت بە زمانی دایکی خۆی گۆرانی بڵێت، کلیپ بەرهەمبهێنێت و بڵاویبکاتەوە؟ بەڵێ، ئەو رۆژە بەم شێوەیە بیرم دەکردەوە و نکۆڵی لێناکەم. رەخنەگرتن لە شێوازی قسەکردنی مرۆڤێک شتێکە و پشتگیریکردن لەو هێرش و پەلاماردانە بەکۆمەڵەی دەکرێتە سەری شتێکی دیکەیە. هیچ گوتە و هیچ شێوازێک، پاساو بۆ هێرشکردنە سەر مرۆڤێک ناهێنێتەوە".
ئەو هونەرمەندە ئامەدییە ناڕەزایی بەرامبەر ئەوە نیشاندەدات کە لەدوای ئەو شەوە، لەگەڵ چەند هونەرمەندێک بەردەوام کراونەتە ئامانج و نووسیویەتی: "دوای ئەو شەوە، چی دیکە بەشداریم لە هیچ چالاکییەکی کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی مەگەزیندا نەکرد".
چی ئەحمەد کایای ناچار بە کۆچ کرد؟
دوای ئەو شەوە گوشارەکان هێندە لەسەر ئەحمەد کایا چڕتر و کاریگەرتر بوونەوە، ناچاریان کرد وڵاتەکەی بەرەو ئەورووپا جێبهیڵێت.
مەحسون قرمزیگول دەڵێت: "ئەوانەی بوونە هۆی رۆیشتنی ئەحمەد کایا لەم وڵاتەدا، هەموو ئەو کەسانە نەبوون کە ئەو شەوە لە هۆڵەکەدا بوون. بەڵکو ئەو ناوەندە تاریکانەی میدیا بوون کە بە مانشێتەکانیان ئەویان کردە ئامانج، سیاسەتی چەوت، سیستمی چەپەڵ و کولتووری هێرش و پەلاماردانی نەژادپەرستانە بوون. ئەو شوێنەی دەبێت لێپرسینەوەی راستەقینەی لەگەڵدا بکەین ئێرەیە. تەنانەت ئێستاش لەم کولتووری پەلاماردانەدا هیچ شتێک نەگۆڕاوە".
مەحسون قرمزیگول: ویستم بڕۆمە لای ئەحمەد کایا بەڵام..
بەدەر لەو رەخنانەی ئاراستەی دەکرێن، زۆر جار قرمزیگول بە بێ هەڵوێست لە قەڵەم دەدرێت بەوەی لەو ماوەیەی ئەحمەد کایا لە ئەورووپا بووە، سەردانیی نەکردووە.
لەمبارەیەوە قرمزیگول گوتی:" ویستم بۆ قسەکردن، دەردەدڵی و وەستان لە تەنیشت کاکە ئەحمەد، بڕۆمە ئەڵمانیا، بەڵام بیستم لە کۆنسێرتێکدا گوتوویەتی، ئەگەر تورکەکان ئیبۆ و مەحسوونیان هەبێت، کوردیش ئەحمەد کایای هەیە. دڵم بە بەریەوە نەما و ئەو قسەیە دڵی شکاندم. خۆ رەنگە ئەویش لەبەر ئازار و تووڕەیی ئەوەی بەسەریدا هاتبوو ئەوەی گوتبێت، بەڵام منیش دڵم بەو قسانە شکا و نەمتوانی بڕۆمە لای".
مەحسون قرمزیگول: خۆزگە سەردانیم بکردبا
لەبارەی ئەوەی کە ئایا مەحسون قرمزیگول پەشیمانە لەوەی سەردانی کایای نەکردووە یان نا؟ نووسیویەتی:"ئەمڕۆ بیردەکەمەوە و دەڵێم خۆزگە بچووبام. خۆزگە دانیشتباین و قسەمان بکردبا. خۆزگە بمانتوانیبا گوێ لە یەکدی بگرین. چونکە مرۆڤ هەندێکجار نازانێت کە رەنگە دڵشکانێک ببێتە پەشیمانییەکی وەها، بە درێژایی تەمەن بمێنێتەوە. دواتر بەیانییەک هەواڵە تاڵەکە هات. کاکە ئەحمەد ئیدی کۆچی دوایی کرد. چوومە پاریس و لەسەر گۆڕەکەی بە فرمێسکەوە ماڵئاواییم لێکرد".
مەحسون قرمزیگول هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە کەسانێک دەیانەوێت لەڕێی بابەتی ئەحمەد کایاوە لێی بدەن و بەرهەم و دەستکەوتەکانی بچووک بکەنەوە.
قرمزیگوڵ هەروەها داوا لە جەماوەر و هەوادارانی دەکات، باوەڕ بەو کەسانە مەکەن کە لە بابەتی ئەحمەد کایادا تۆمەتباری دەکەن و بوختانی بۆ هەڵدەبەستن.
قرمزیگول: هەرگیز دوژمنی ئەحمەد کایا نەبووم
مەحسون قرمزیگول هەروەها رایگەیاندووە:" با هەمووان ئەمە بزانن، من هیچ کاتێک دوژمنی ئەحمەد کایا نەبووم. ناڕەزاییم لەدژی ئەو دەرنەبڕیوە. هیچ کاتێک بەشێک نەبووم لەو هێرش و پەلامارە بەکۆمەڵەی کرایە سەری. چونکە ئەحمەد کایا بۆ من تەنیا هونەرمەندێکی گەورە نەبوو. برا گەورەیەکم بوو و خۆشمدەویست، رێزم لێدەگرت و بایەخم بە قسەکانی دەدا. رەنگە دڵشکان لەنێوانماندا روویدابێت. رەنگە قسەی نەگوتراو، گفتوگۆی نەکراو و برایەتییەکی ناتەواو هەبووبێت. بەڵام هەموو ئەمانە هیچ کاتێک ئەو خۆشەویستییەیان نەگۆڕی کە بۆ ئەو هەمبوو".
هەروەها دەڵێ: "ئەو کاکە ئەحمەدی من بوو. هەندێک مرۆڤ ئەم دونیایە جێدەهێڵن، بەڵام هیچ کاتێک دڵی مرۆڤ جێناهێڵن. کاکە ئەحمەدیش هیچ کاتێک دڵی منی جێنەهێشتووە. لە ساڵڕۆژی کۆچی دواییدا بە خۆشەویستی، رێز، تاسە و پێزانینەوە یادی دەکەمەوە. رۆحت شاد بێت کاکە ئەحمەدم".
هەڵوێستی ئەردۆغان لەبارەی هێرشەکەی سەر کایا
ئەوکاتەی ئاکپارتی ساڵی 2002 جڵەوی دەسەڵاتی گرتەدەست، نزیکەی دوو ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەحمەد کایادا تێپەڕیبوو.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی سەرۆکوەزیرانیشیدا بەردەوام دووپاتی دەکردەوە کە هاوڕێیەتیی باشی لەگەڵ ئەحمەد کایا هەبووە.
ئەردۆغان بەردەوام هێرشکارانی سەر ئەحمەد کایا بە ناپاک وەسفدەکات. زۆر جاریش لە گوتارەکانیدا باسی لەو ستەمە کردووە کە لە دژی کایادا کرا.
رۆژی 19-11-2013 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا ئەردۆغان لەبارەی ئەحمەد کایا گوتی:" ئەو رۆژە لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنەکەدا هێرشیان کردە سەر ئەحمەد کایا. کێ هێرشی کرد؟ ئەوانەی لە پارکی گەزی هێرشیان کردە سەر ئێمە کێن، ئەوانەشی هێرشیان کردە سەر ئەحمەد کایا هەر هەمان دەستەن. ئەوان لەوێش هێرشیان کردە سەر کایا".
بەشێک لەو هونەرمەندانەی ئەو شەوە لەوێ بوون، نکۆڵی دەکەن و رەتیدەکەنەوە کە هێرشیان کردبێتە سەر کایا، بەتایبەتی بەشێکیان دەڵێن کە لەوکاتەدا لە ناو هۆڵەکە نەبوون.
رەجەب تەیب ئەدۆغان چەند جارێک بە تووڕەیی وەڵامی ئەوانەی داوەتەوە و ساڵی 2013 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی:"ئێستا ئەوانەی ئەو کاتە لەوێ هێرشیان دەکرد، دەڵێن 'من لەو کاتەدا لە توالێت بووم، من لەو کاتەدا لە دەرەوە بووم.' کوڕە هەمووتان لەوێ بوون! هەمووتان! لە تۆماری کامێراکاندا سەیری دیمەنەکانتان دەکەین. راستگۆ بن. مۆمی درۆزن تاوەکو خەوتنان دەسووتێت".
لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەحمەد کایادا سەرۆک بارزانی لە ئامەد بوو
لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا رۆژی 16-11-2013 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کرد و لە ئامەد کۆبوونەوەیەکی گەورە و مێژوویی رێکخرا.
ئەوڕۆژە شڤان پەروەر، هونەرمەندی دیاری کوردیش دوای 37 ساڵ حەسرەت، گەڕایەوە و بەشداری لەو دیدارەدا کرد و لەگەڵ ئیبراهیم تاتڵیسەس گورانییان گوت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا یادی ئەحمەد کایای کردەوە و رەحمەتی بۆ نارد. هەروەها گوتی:"ئاه! خۆزگە ئەحمەد کایاش لەگەڵمان بووایە. دەیگوت (من سووتام، بیکەن لەڕاهی خوا ئێوە مەسووتێن) ئەو لە حەسرەتی وڵات و براکان لە غوربەت سەری نایەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو کاتەی بەبیرهێنایەوە کە بەهۆی خوێندنەوەی هۆنراوەیەک خرایە زیندانەوە و گوتی: "ئەو کاتەی من نێردرامە گرتووخانەی پنارهیسار، ئەویش هاتبوو بۆ بەڕێکردنم. ئەو بە گۆرانی و بەستەکانی هاتبوو هەتا ئەم برایەتان بەڕێ بکات. خۆزگە ئێستا لەگەڵ ئێمە گوێی لە ئازیزان؛ تاتڵیسەس و پەروەر دەگرت و لەگەڵ ئەوان دەیگوتەوە".
شەوەئاهەنگەکە و کاردانەوەکانی دژی ئەحمەد کایا
ئەحمەد کایا هونەرمەندی ناوداری کورد لە شەوە ئاهەنگێکدا لە شوباتی 1999 کاتێک خەڵاتی باشترین ھونەرمەندی ساڵی پێ بەخشرا رایگەیاند، لە ئەلبوومی داھاتوویدا گۆرانییەك بە زمانی کوردی دەچڕێ. ئەو گوتەیە ژیانی کایای بە تەواوەتی گۆڕی و کەوتە بەر هێرشی نەژادپەرستان.
دادگای تورکیا رۆژی 30ـی نیسانی 1999 بە تۆمەتی ناپاكی بەرامبەر بە نیشتمان داوای 10 ساڵ بەندکردنی بۆ ئەحمەد کایا کرد.
بەهۆی گوشارەکانەوە، ئەحمەد کایا تورکیای جێهێشت و رۆژی 16-11-2000 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆچی دواییکرد.
تەرمی کایا لە مەراسیمێکدا و بە ئامادەبوونی نزیکەی 30 هەزار کەس لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس (پاغالاچایس) بە خاک سپێردرا.



