رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تورکیا بڕیاری دا سزای 2 ساڵ و 1 مانگ زیندانیکردن و قەدەخەی سیاسی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و 8 کەسی دیکەدا بسەپێنێت.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دادگاییکردنی 12 کەس لە 26ـەمین دادگەی سزاکانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو کە بە تۆمەتی "پێشێلکردنی یاسای پارتە سیاسییەکان" تۆمەتبار کرابوون.
لەنێو تۆمەتباراندا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ؛ رەزا ئاکپۆڵات، سەرۆکی شارەوانیی بێشیکتاش و ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی پارتی نوێ هەبوون.
دادگە بڕیاری دا بە تاوانی "پێشێلکردنی یاسای هەڵبژاردن" سزای 2 ساڵ و 1 مانگ زیندانیکردن بەسەر هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ؛ رەزا ئاکپۆڵات، سەرۆکی شارەوانیی بێشیکتاشی ئیستەنبووڵ؛ ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی پارتی نوێ؛ هەریەکە لە نیهاد یەشیلتاش، باکی ئایدۆنەر، ئەرکان ئایدن، محەممەد کلنچئارسلان، مەتین گوزەلکایا و سەرهات جان (راوێژکارانی باڵای گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ) بسەپێنێت.
دادگە هەروەها بڕیاری دا بەپێی مادەی 53ـی یاسای سزادانی تورکیا، ئەو کەسانەی سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە، قەدەخەی کاری سیاسییشیان بەسەردا جێبەجێ بکرێ.
هاوکات دادگە بڕیاری بێتاوانی بۆ هەریەک لە جەمیل توگای، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیزمیر؛ حوسێن یاشار و ئۆزگەن ناما (ئەندامانی ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی ئیزمیر) دەرکرد، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەر بەشداریکردنیان لەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵیان.
بۆ ئەوەی سزای زیندانیکردن و قەدەخەی سیاسییەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، پێویستە دادگەی پێداچوونەوە بڕیارەکە پەسند بکات.
رۆژی 19ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 106 کەس کە زۆربەیان سەرۆک و ئەندامانی شارەوانییەکانی جەهەپە بوون بە تۆمەتەکانی "پاڵپشتیکردن لە تیرۆر، گەندەڵی دارایی، بەرتیلدان و وەرگرتنی بەرتیل، دەستوەردان لە تەندەرەکانی دامەزراوە گشتییەکان، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و دامەزاندن و بەڕێوەبردنی تاوانی رێکخراو و رێکخراوی تاوان" دەستگیرکران.



