رووداو دیجیتاڵ
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە دوای 38ەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023ەوە، یەکێک لە پڕجووڵەترین، ئاڵۆزترین و پڕکێشەترین قۆناخەکانی مێژووی خۆی لەژێر سایەی ئازارەکانی سەرکردایەتییەکی دووسەرەدا بەڕێ دەکات. لە دەرەوە ئەگەر سەیر بکرێت، ململانێی نێوان ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی پێشووی پارتەکە، وەک "دۆسیەیەکی سادەی شەڕی کورسی" دەردەکەوێت. بەڵام لە پشت ئەم قەیرانەوە دوو روانگەی سیاسی تەواو دژبەیەک، گەڕان بەدوای پێگەی ئایدۆلۆژی جیاواز و شێوازی پێکهێنانی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتدا هەیە.
دوای ئەوەی کڵچدارئۆغلو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە 28ی ئایاری 2023دا سەرنەکەوت، جەهەپە بەرەو کۆنگرە نوێکردنەوەی پارتەکە هەنگاوی نا. ئۆزگور ئۆزەل لە 15ی ئەیلولی 2023 رایگەیاند: "من بەربژێرم بۆ گۆڕینی عەقڵییەتی بەڕێوەبردن، کادیرەکان و شێوازی کارکردنی سیاسی جەهەپە."
لە تشرینی دووەمی 2023 دا باڵی گۆڕانخوازانی نێو جەهەپە سەرکەوتن و ئۆزەل بووە سەرۆکی جەهەپە. ئەوە سەرەتای قووڵبوونەوەی ململانێکانی نێوان ئۆزەل و کڵچدارئۆغلو بوو.
باڵی گۆڕانخوازەکان (ئۆزگور ئۆزەل – ئەکرەم ئیمامئۆغلو)
ئۆزەل کە رابەرایەتیی رەوتی گوڕانخوازانی نێو جەهەپە دەکات، ئەکرەم ئیمامۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەستەنبووڵ، کە بە بەهێزترین شێوە پشتگیری دەکات، دەیانەوێت پارتەکە بەرەو هێڵێکی تووندی ئۆپۆزسیۆن، بەرژەوەندیخواز و سەرنجڕاکێش بۆ چینی بەرفراوانی کۆمەڵگا بەرن. لەوەش گرنگتر، جەهەپە لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە بگەیەننە دەسەڵات.
ئەو باڵە بڕوای بە بنەمای ململانێ هەیە، نەک گفتوگۆ. بەتەواوی دژی هەر پرۆسەیەکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی یان گفتوگۆیە لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستا. ئامانجیان هاتنە سەر دەسەڵاتە.
لەلایەکی دیکەوە بڕوایان بە سیاسەتی بنکەی سروشتی، بەبێ هاوپەیمانی هەیە. ئەو سەرکەوتنەی لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە31ی ئازار2024 دا بەدەستهات، بڕوای ئەم باڵەی بەهێزتر کرد کە دەکرێت بەبێ پێویستی بە "هاوپەیمانیی سەر مێزەکان"، بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە ناو بنکەی جەماوەریدا بۆ راکێشانی دەنگدەرانی سێکولار، نەتەوەیی، پارێزگاران و کورد سیاسەت بکەن.
کڵچدارئۆغلو و باڵی سەرکردایەتی پێشوو
کەمال کڵچدارئۆغڵو کە دوای 13 ساڵ لە سەرۆکایەتیی جەهەپە لە کۆنگرەی 2023دا کورسییەکەی بۆ ئۆزەل بەجێهێشت. بەڵام لە رێگەی ئەو نووسینگە سیاسییەی کە لە ئەنقەرە کردوویەتییەوە بەردەوامە لە ئاراستەکردنی بەشێکی ناو جەهەپە. کڵچدارئۆغلو دوای دۆراندنی کۆنگرە کە گوتی : "له پشتەوە خەنجەرم لێدرا. باسی گۆرانخوازەکان دەکەم، پێویستە سەرەتا پابەندی پێڕەوی ناوخۆ و بەها ئەخلاقییەکانی پارتەکە بن، نەک لە پشتی منەوە خەریکی فێڵ و تەڵەکە بن."
ئەو باڵە پێیوایە ئێستا پارتەکەی لە مایە و ئەرکە مێژوویی و سیاسییەکەی خۆی دابڕاوە. پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە جەهەپە لەسەر بنەما کلاسیکییەکانی خۆی بمێنێتەوە بەتایبەتیش ئەو بنەمایانەی لەسەری دامەزراون و نابێت لەپێناو سەرکەوتنە پۆپۆلیستییە کورتخایەنەکاندا بڕبڕەی پشتی ئایدۆلۆژی رێکخراوەکە بکرێتە قوربانی.
بەرەی ئەنجوومەنی سیاسی و پەرلەمانتاران
جەهەپە خاوەن ناوەندێکی بریاردانە بە ئەنجوومەنی سیاسی ناسراوە و 60 ئەندامی هەیە. هەرچەندە پێش کۆنگرەی 2023 زۆر پاڵپشتی بەرەی گۆڕانخوازانیان نەدەکرد، بەڵام دوای ئەنجامی کۆنگرە، زۆرینەیان هاتنە پاڵ بەرەی گۆڕانخوازان، بەڵام هەردوو باڵ بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە خاوەن زۆرینەی پاڵپشتین لە ئەنجوومەنی سیاسی پارتەکە. لەکاتێکدا زۆرینەی دەنگی ئەو ئەنجوومەنە دەتوانێت بریاری یەکلاکەرەوە لەسەر چارەنووسی جەهەپە بدات.
لەلایەکی دیکەوە جەهەپە کە خاوەن 138 پەرلەمانتارە، باڵی گۆرانخوازان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە زیاتر لە 90 پەرلەمانتار پاڵپشتی لە رەوتەکەیان دەکات. لەدوای دوایین بریاری دادگە تایبەت بە "پووچەڵکردنەوەی رەها"، لەنێو پەرلەمانتارانی جەهەپە پاڵپشتی بۆ ئۆزەل زیاتر بووە. فرە دەنگی (یان کوتلەبازی) ناو پارتەکە لە کۆریدۆرەکانی پەرلەماندا قووڵتر بووەتەوە.
لووتکەی قەیرانەکە: "پووچەڵکردنەوەی رەها"
ئەو دوو باڵەی ناو جەهەپە دواجار لە مشتومڕەکانی هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەیان گەیشتە دادگە، مشتومڕەکان گۆڕدرا بۆ قەیرانێکی بوونگەرایی تەواو. ئەو پرۆسەیەی کە هاتە بەردەم دادگەی ناوچەیی ئەنقەرە قەیرانی ناو جەهەپەی گەیاندە خاڵێکی ئاڵۆزتر.
پوچەڵکردنەوەی رەها چییە؟
دەستەواژەیەکی یاساییە بۆ پووچەڵکردنەوەی کارێک بەکاردەهێندرێت. لە دۆسیەی جەهەپەدا بووە بریاری پووچەڵکردنەوەی 38ەمین کۆنگرەی جەهەپە کە ئۆزگور ئۆزەل تێیدا سەرکەوت. واتە کات دەگەڕێتەوە دواوە؛ ئۆزەل و سەرجەم ئەو بڕیارانەی داویەتی لە رووی یاساییەوە بە نادروست دەمێننەوە و پارتەکە بە شێوەیەکی فەرمی رادەستی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گشتی و سەرکردایەتی پێشوو دەکرێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لەکاتی کۆنگرە مامەڵەی کڕینی دەنگ و بەلارێدابردنی پرۆسەکە کراوە. لەسەر ئەم پرسەش بە بڕیاری دادوەر رۆژی 23ی ئایاری 2026دا 13 کەس، کە لەو دۆسیەیە تێوەگڵاون، دەستبەسەرکران.
ئەم پرۆسە یاساییە، پەتەکانی نێوان هەردوو سەرکردەکەی بەتەواوی پچڕاندووە
بەلای باڵی گۆڕانخوازانەوە، ئەم هەنگاوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ وەک "کودەتایەکی سیاسی" و "ئۆپەراسیۆنێکی نائەخلاقی" لە دژی سەروەریی پارتەکە و دەسەڵاتەکانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان پێناسە دەکرێت. ئۆزەل رایگەیاند: "ئەگەر جەهەپە دەدەنەوە ئەو کەسەی کە سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵیبژاردووە بۆ بەڕێوەبردنی جەهەپە، ئەوا جەهەپە داخراوە". بەم شێوەیە بڕیارەکەی وەک "کودەتایەکی سیاسی" ناوبرد.
ئۆزەل ئاماژەی بەوەدا کە کڵچدارئۆغڵو دەیەوێت هێز لەم بڕیارەی دادگاوە بەدەستبهێنێت و رایگەیاند: "من لەگەڵ ئەوانەی کە لەسەر ئەم بڕیارە رێکدەکەون، رێکناکەوم" و بەم شێوەیە پردەکانی دانوستاندنی رووخاند.
مورات ئەمیر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمان گوتی: "ئەمە هەوڵێکی کودەتایە و رفاندنی سندوقی دەنگدانە."
بەرەی کەمال کلیچدارئۆغڵو هێشتا لە پەیام و بڵاوکراوەکانی دا زمانێکی نەرمتر بەکاردەهێنێت. بە شێوەیەکی راستەوخۆ ناوی ئۆزەل ناهێنێت، بەڵام بە قسەکردن لەسەر "پێویستی پاکبوونەوەی پارتەکە" و "سیاسەتی پاک"، ئاماژە بە قووڵکردنەوەی قەیرانی شەرعیەتی سەرکردایەتیی ئۆزەل دەکات. لایەنگرانی کڵچدارئۆغڵو، سەرکردایەتی ئۆزەل بە بەرپرسیار دەزانن لەو دۆخەی جەهەپە تێیکەوتووە. کلچدارئۆغلو رایگەیاند "دەبێت بریاری یاسای چی بێت، جێبەجێ بکرێت."
چی چاوەڕێی داهاتووی جەهەپە دەکات؟
قەیرانی ناو جەهەپە، دابەشبوونێکی پێکهاتەیی زۆر گەورەترە لەوەی کە کێ لەسەر کورسی سەرۆکایەتی گشتی دادەنیشێت. ئۆزەل هۆکاری بریارەکەی دادگە بە بێ بنەما دەبینێت و دەڵێت: "داوا لە کڵچدارئۆغڵو دەکەم ئەگەر ئازایە لە ماوەی 40 رۆژدا کۆنگرەیەکی بەپەلە ببەستێت بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە". لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو ناسناوی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ "سەرۆکی جەهەپە" گۆڕی و رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە دامەزراندنی قەیووم بەسەر پارتەکەوە، ئامادەیە پۆستەکە وەربگرێتەوە و لە کاتی گونجاودا بچێتە کۆنگرە. ئەو دۆخەی ئێستا دەکرێت پارتەکە بەرەو گێژاوێکی گەورەی سەرکردایەتیی دووسەرە رابکێشێت، کە تاوەکو قۆناخی دادگای پێداچوونەوە کۆتایی دێت.
